دەمیرتاش بەڵگەنامەی تاوان‌و پیلانی ترسناكی ئەردۆغانی لایە

کوردستان

09/08/2020‌ 1096 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەلاحەددین دەمیرتاشی هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان، كە ماوەی سێ ساڵ و نیوە لەزینداندایە، هێرشی توندی كردە سەر حكومەتی پارتی دادوگەشەپێدان و بەوێرانكەری سیستەمی دەستووری  وڵاتی تۆمەتبار كرد، كە لەشوێنی ئەو سیستەمێكی تاكەكەسی سەركوتكارانەی دامەزراندووە.

دەمیرتاش ئاشكرایكرد، بەڵگە و بەڵگەنامەی زۆری لەسەر پیلان و ناپاكی ترسناكی ڕژێمەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی لایە و هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی كردوون، هەروەك داواشی لەگەلی توركیا كردووە نائومێد نەبن و بەرگری و ئازایەتی پیشان بدەن، لەبەر ئەوەی لەكۆتاییدا هەر چاكەكاری سەردەكەوێت . 

دەمیرتاش لەڕێگای تویتێكەوە، كە پارێزەرە تایبەتەكەی گواستوویەتییەوە رەخنەی لە رژێمی ئەردۆغان گرتووە بەوەی دەسەڵاتی گشتی بەشێوەیەكی نایاسایی بەكارهێناوە، داواشی لە سیاسییەكانی توركیا كردووە بەشداری لە تاوانەكانی ئەردۆغاندا نەكەن، لەبەر ئەوەی، كە رۆژی خۆی هات خەڵك بڕیاردەدات و یاسا كاری خۆی دەكات.

دەمیرتاش لە تویتەكەیدا ئەوەش دەڵێت: سڵاوتان لێبێت، هەوڵدەدەم بەپێی ئەو توانا سنووردارەی لەبەردەستە بەدواداچوون بۆ گۆڕانكارییەكانی ئێستا بكەم، دەبێت رووداوەكانی وڵات بەناوە دروستەكەی خۆی ناوبنێین، لەراستیدا سیستەمی دەستووری گۆڕدراوە و لەشوێنی ئەو سیستەمێكی تاكەكەسی ستەمكاری دامەزرێنراوە، لەكاتی كردنی ئەو كارەدا، دەسەڵاتی گشتی بێ سڵەمینەوە بەنایاسایی بەكارهێنراوە، لەناو دەوڵەتدا ڕێكخستنێك هەیە خشتەی كارەكانی هەنگاو بەهەنگاو بەپێی ئەو پلانەی دایناوە جێبەجێی دەكات، هەیكەلێكی ڕێكخراوی نهێنییە و پایەی سیاسیی و دادوەری هەیە، هەروەك پایەگەلی بیرۆكراتی و میدیایی و سەرمایەداریشی هەیە.

لەبەشێكی تری تویتەكەی دەمیرتاشدا هاتووە، لەپێناو دروستكردنی سیستەمێكی ستەمكاری تاكەكەسی، پرۆسەی سیاسی دژ بەئێمە بەكارهێنراوە، بۆ ئەوەش بەڵگەو بەڵگەنامەمان لایە، كە دەیسەلمێنن پیلانی سیاسی لەدژمان دەگێڕدرێت، ئامۆژۆگاری من ئەوەیە كەس بەشداری لەو تاوانە ترسناكانەدا نەكات، لەبەرئەوەی رۆژی خۆی هات خەڵك بریاری خۆی دەدات و دواتر یاساش كاری خۆی دەكات، ئەو بەڵگانەی ئاشكرایان دەكەین، بێ مشتومڕ ، ڕێكاری یاسایی كارایان پێدەگیرێتەبەر، ئێمە لە توركیا ٨٣ ملیۆن كەسین دەبێت متمانەمان بەیەكتر بێت، دیموكراتییەتێكی بەهێز بنیاد دەنێین وبەئاشتیانە دەژین، هەرگیز ئومێد لەدەست مەدەن و بەرگری و ئازایەتی بنوێنن، چونكە  لەكۆتاییدا هەرچاكەكاری براوە دەبێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ  ئاڵی