عێراق و سعودییە پابەندی خۆیان بەڕێكەوتنەكەی "ئۆپیك پڵەس" رادەگەیەنن

ئابوری

09/08/2020‌ 362 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەردوو وەزیری نەوتی عێراق و سعودییە لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پابەندی بەغدا و ریاز بە ڕێكەوتنەكەی ڕێكخراوی "ئۆپیك پڵەس" بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت رادەگەیەنن.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمی سعوودییە "واس"، ئەمیر عەبدولعەزیز بن سەلمان وەزیری نەوتی سعودییە و ئیحسان عەبدولجەبار ئیسماعیل وەزیری نەوتی عێراق، لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا دواین پێشهاتەكانی بازاڕی نەوت‌و ئەو بەرەوپێشچونەی بەئاراستەی جێبەجێكردنی ڕێكەوتنی نەوتیی ئۆپیكدا بەدیهاتووە شرۆڤەكردووە .

هەر بەپێی ئاژانسە سعودییەكە، وەزیری نەوتی عێراق جەختی لەهەڵوێستی جێگیری عێراق كردووەتەوە بۆ پابەندبوون بەڕێكەوتنەكەی ئۆپیك و كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بەبڕی ٤٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە لەهەردوو مانگی ئاب و ئەیلوولدا، تا قەرەبووی ئەو زێدە نەوتە بكاتەوە، كە لە مانگەكانی پێنج و شەش و حەوتدا بەرهەمیهێناوە، كە بەگوێرەی ڕێكەوتنەكە عێراق دەبێت بۆ مانگی ئاب و ئەیلوول رۆژانە بەتێكرایی ١،٢٥ ملیۆن بەرمیل كەمبكاتەوە .

هەردوو وەزیری نەوتی عێراق و سعودیە جەختیان كردووەتەوە ئەگەر بێت و هەموو لایەك پابەندی كەمكردنەوەی ئەو ڕێژە نەوتە بن، كە بۆیان دیاریكراوە ، ئەوە سەقامگیری بازاڕی نەوت زیاتر دەبێت و هاوسەنگی دەگێڕێتەوە و ئاماژەی ئەرێنی بۆ بازارەكان دەنێرێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی