بایك هەڵوێستی پەكەكەی لەبارەی رێككەوتنە نەوتییەكەی ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان‌و كۆمپانیا ئەمریكییەكە ئاشكراكرد

کوردستان

09/08/2020‌ 2677 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان كەجەكە، هەڵوێستی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكەی لەبارەی رێككەوتنە نەوتییەكەی ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان‌و كۆمپانیا ئەمریكییەكە ئاشكراكرد.

جەمیل بایك لەمیانی لێدوانێكی وتی: سوریا وڵاتێكەو بەفەرمی لەلایەن كۆمەلگای نێودەوڵەتی ناسراوە. هەر بەو بۆنەوە سەرجەم سەرچاوە سروشتییەكانی ئەو وڵاتە هی گەلی سوریایە. 

جەمیل بایك وتیشی: نەوتیش سەرچاوەیەكی ئەو وڵاتەیەو هی هەندێك كەس نییە و هیچكەس ناتوانێت ئەوە بە ماڵی خۆی بزانێت.

هاوسەرۆكی كەجەكە، كە باڵی سیاسی پەكەكەیە ئەوەشی وت: ئێمە ئەو هەواڵەمان لە میدیاكان بیست‌و سەبارەت بە ڕێككەوتنێك باس دەكرێت، كە دەوڵەتی سوریاش قبووڵی نییە و ئەوە بە دزی دادەنێت. ئێمە ئەوە بە بەڕێوەبەری خۆسەری كوردستانی سوریا دەڵێین، كە هەموو سەرچاوە و سامانە سروشتییەكانی سووریا هی گەلی سووریایە.

باسی لەوەش كردووە، ئەگەر ئەو ڕێككەوتنە بە لەبەرچاو گرتنی پرس و كێشە ئابوورییەكانی ئێستاوە لە باكووری و ڕۆژهەڵاتی سووریا كرابێت باسێك نییە، بەڵام ئەگەر ئاوەها نەبێت، ئەبێت لێكدانەوەی زیاتری لەسەر بكرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە ماوەی رابردوو مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەبەردەم كۆنگرێسی ئەمریكی دانی بەوەدانا، كە كۆمپایایەكی ئەمریكی رێككەوتنێكی نەوتی لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە.

هـ ـ ح