ترامپ پێشنیازی شاسەلمانی بۆ داگیركردنی قەتەر رەتكردووەتەوە

جیهان

11/08/2020‌ 1216 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
رۆژنامەی "فۆرین پۆلیسی" ئەمەریكی بڵاویكردەوە، كە لەساڵی ٢٠١٧ دا ، دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا "زۆر بەتوندی" پێشنیازێكی شا سەلمان بن عەبدولعەزیزی پاشای سعودییەی رەتكردووەتەوە بۆ ئەوەی وڵاتی قەتەر داگیر بكەن.

ئەو بابەتە لە راپۆرتێكی رۆژنامە ئەمەریكییەكەدا هاتووە، كە تێیدا باسی لەقەیرانی كەنداو كردووە، كە وڵاتانی سعودییە و ئیمارات و میسر و بەحرێن بەیەكەوە سەنگەریان لە وڵاتی قەتەر گرتووە و  دەیانەوێت لەڕێگای گوشارخستنەسەرییەوە ناچار بە پاشەكشەكردنی بكەن و مەرجەكانی خۆیانی بەسەردا بسەپێنن، بەڵام لەوكاتەوە هیچ بەرەوپێشچوونێك لە پرسەكەدا نەهاتووەتەدی .

بەپێی رۆژنامەكە، لە ٦ ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧ ، لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا، دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا بەتوندی پێشنیازێكی شاسەلمانی رەتكردووەتەوە بۆ ئەوەی ڕێگە بە سعودییە بدرێت وڵاتی قەتەر داگیربكات .

باسی لەوەش كردووە، كە لەدوای ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، ئەمەریكا داوای لە كوێت كردووە نێوەندگیری بكات و لەناو ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداودا كێشەكە چارەسەر بكات.

لە ٥ ی حوزەیراندا ، قەیرانی وڵاتانی كەنداو چووەتە ساڵی چوارەمییەوە، كە لەوكاتەوە ئەو چوار وڵاتە بەپاساوی ئەوەی قەتەر پشتیوانی تیرۆر دەكات لەناوچەكەدا، بەتەواوەتی پەیوەندییەكانی خۆیان لەگەڵ ئەو وڵاتە پچراندووە، لەبەرانبەریشدا دەوحە سەرجەم ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە .

لای خۆیەوە كوێت هەوڵێكی زۆریداوە نێوەندگیری لەنێوان هەردوو لایەنی كێشەكەدا بكات و بەڕێگای دیبلۆماسیی كۆتایی بە قەیرانەكە بهێنێت، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە دۆخەكە بەئاقاری هێوركردنەوە و ئاسایی كردنەوە بەرێت و گۆڕانكاری بەسەر هەڵوێستی لایەنەكاندا بهێنێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی