مایكل ڕۆبن ئەردۆغان بە "سەرشێت" ناودەبات

ڕاپۆرت

12/08/2020‌ 2165 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مایكل ڕۆبنی گەورە ڕاوێژكار لە "دامەزراوەی ئەمەریكان ئینتەرپڕایز"،  سەبارەت بە دۆخی لیبیا دەڵێت: فایز سەڕاج سەركردە نییەو سەروەری وڵاتەكەی بە توركیا فرۆشتووە، لەپێناو مانەوە لە دەسەڵاتدا، لیبیای ڕادەستی ئەردۆغان كردووە.

سەبارەت بە خەلیفە حەفتەریش ڕۆبن پێیوایە: حەفتەر جێی متمانەی ئەمریكا و ڕوسا نییە، هەردوولا لێی بە گومانن‌و پێیان وایە لە هەر ئان و ساتێكدا دەیانفرۆشێت و جێیان دێڵێت، بۆیە دەبێت گەلی لیبیا و هێزە بكەرەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی ئەو وڵاتە، بە دوای جێگرەوەی سەڕاج و حەفتەردا بگەڕێن‌و دەبێت سوپای لیبیا بەهێز بكرێت و بكرێتە كرۆك و ناوكی دووبارە بنیاتنانەوەی دامەزراوەكانی لیبیا.

ڕۆبن سەبارەت بە ئەردۆغانیش دەڵێت: ئەردۆغان سەركێشێكی سەرشێتی بێباكە، لە پێناو بنیاتنانی ئیمپراتۆڕیەتە ئیخوانییەكەیدا، هەر كارتێك دەستی پێڕا بگات بەكاری دێنێت. 

باسی لەوەش كردووە، كە ئەردۆغان بە باشی دەزانێت دامەزراوەكانی ئەمریكا خۆشیان ناوێت و متمانەشی پێناكەن، بۆیە بەردەوام هەوڵ دەدات لەگەڵ خودی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا مامەڵە بكات، كە باوەرپێهێنانی ئاسانترە لە دامەزراوەكانی دیكەی ئەمریكا، كە لەوانەیە ئەردۆغان خۆی پێ سەرۆك بێت، بەڵام لە واقعدا دكتاتۆرێكە.

ڕۆبن سەبارەت بە میسریش دەڵیت:  سیسی و میسر مافی خۆیانە بەر بە سەڕاج و ئەردۆغان بگرن و سەروەری نیشتمانی خۆیان بپارێزن، دەبێت لەم پرسەدا ئەمریكا پشتی سیسی بگرێت و بێلایەن نەبێت، ئەوەی ئێستاش ئەمریكا دەیكات بەهەڵكردمنی گلۆپی زەرد بۆ توركیا، هەڵەیە و ئیسلامی سیاسی بەهێز دەكات و دواتریش دەبنە مەترسییەكی گەورە بۆسەر ئەمریكا. ئەگەر ئەمریكاش لەو پرسەدا بێلایەن بێت، ململانێكان لە سەرتاسەری ناوچەكەدا پەرەدەستێنن و بەرەو هەڵكشان دەچن.

ڕۆبن دەشڵێت: ئەگەر سەڕاج و میلیشیاكانی دەست بەسەر دەرامەتەكانی لیبیادا بگرن، ناسەقامگیری ڕۆژهەڵاتی دەریایی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا دەتەنێت، لە ئێستاشدا توركیا زیاتر لە ڕوسیا جێی مەترسییە بۆ سەر ڕۆژئاوا.

ڕۆبن سەبارەت بە ڕۆڵی ئەوروپا لە پرسی لیبیادا دەڵێت:  ئەوروپا وەك پێویست لە پرسی لیبیادا هەڵنەسوڕاوە، ئەوەش هەڵە بوو، كە پشتیان بە ڕۆڵی ئیتاڵیا بەست و ڕۆماش پشتیوانی لەسەڕاج كرد، پێشی وایە ئەڵمانیا بووەتە قوربانی فرتوفێلەكانی ئەردۆغان، كە ناوە ناوە هەڕەشەی كردنەوەی سنوورەكانی دەكات بەڕووی كۆچبەراندا بەرەو ئەوروپا.

ڕۆبن توركیاشی بەوە تۆمەتبار كردووە، كە چەكدارە توندڕەووەكانی داعش و گروپە ئیسلامییەكانی دیكە دەگوازێتەوە بۆ لیبیا، پێشیوایە جیهان لە ئێستادا لە شەڕێكی سارد و ململانێییەكی ئایدیۆلۆجی دایە، كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا بەڕێوەدەچێت.

سەرچاوە:  پێگەی ئەلەكترۆنی 218
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر