شارەوانی دهۆك ژمارەیەك پرۆژە بە زیاتر لە 76 ملیار دینار جێبەجێ دەكات

کوردستان

12/08/2020‌ 395 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار رایگەیاند، لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان بەردەوامن لە جێبەجێكردن و پرۆژەی نوێ بەمەبەستی خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییان، پرۆژەكانیش جۆراوجۆرن و ئەولەویەتیش بۆ ئەو پرۆژانەن راستەوخۆ پێویستی هاووڵاتییان، وەك ئاو و ئاوەڕۆ و دروستكردنی شەقام و نۆژەنكردنەوە و قیڕتاوكردن و خاوێنكدرنەوە و ژینگەسازی و فراوانكردنی رووبەری سەوزایی.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، سەرۆكایەتیی شارەوانیی دهۆك لە ساڵی 2019دا ژمارەیەكی زۆری پرۆژەی بە زیاتر لە 76 ملیار دینار جێبەجێكردوون یان بەردەوامی پێداون بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان، كە راستەوخۆ بۆ هاووڵاتییان پێویستن.

پڕۆژەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی دهۆك لە ساڵی 2019 بریتین لە: یەك پرۆژە پاكێج كە لە پێنج پرۆژە پێك دێن كە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێكردندان بەگوژمەی نزیكەی لە 74 ملیار دینار لەسەر بودجەی پلانی وەبەرهێنانی وەزارەت كە لەلایەن كۆمپانیایەكی جێبەجێكارەوە جێبەجێ دەكرێت، رێژەی ئەنجامدانی دوو پرۆژەیان 100% دیاریكراوە و 2 پرۆژەی دیكەیان بەڕێژەی 85% و 11% جێبەجێكراون.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو: هەر لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی دهۆك، 45 پرۆژەی دیكەی جۆراوجۆر بە گوژمەی نزیكەی 770ملیار دینار لەسەر بودجەی 17%ی شارەوانییەكان ئەنجامدراون. هەروەها یەك پرۆژەی دیكەش بە 65 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی رێكخراوی GIZ ئەنجامدراوە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: لەسەر داهاتی هەردوو شارەوانیی رۆژهەڵات و رۆژئاوا و ئەندازەی پاركەكان، 7 پرۆژەی دیكە بەگوژمەی زیاتر لە 809 ملیۆن دینار ئەنجامدراون، هەروەها 29 پرۆژەی دیكە لەسەر پێشینەی بەردەوام بە كۆی گوژمەی زیاتر لە 565 ملیۆن دینار ئەنجامدراون.