بەغدا ناتوانێت مانگی داهاتوو موچەی فەرمانبەران بدات

ئابوری

13/08/2020‌ 2959 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئیبراهیم بەحر ئەلعلووم، وەزیری پێشووتری نەوتی عێراق رایگەیاند، حكومەتی بەغدا بەهۆی نەبوونی پارەی پێویستەوە ناتوانێت موچەی مانگی ئەیلوولی داهاتوو بدات، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە عێراق بەهۆی پابەندبوونی بە ڕێكەوتنی نەوتیی ڕێكخراوی "ئۆپیك پڵەس"ەوە زیانی ٢١ ملیار دۆلاری بەركەوتووە.

بەحر ئەلعلووم لەچاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا وتی: بەهۆی نەبوونی پارەوە حكومەتی عێراق ناتوانێت موچەی مانگی داهاتووی فەرمانبەرەكانی بدات، هەروەك روونیشیكردووەتەوە، زیانەكانی عێراق لە ڕێكەوتنی نەوتی ئۆپیك زیانی ٢١ ملیار دۆلاری ئەمەریكی بووە، هەروەك پێشبینیشی كردووە لەماوەی داهاتوودا نرخەكانی نەوتی خاو لەبازارەكانی جیهاندا بۆ ٥١ دۆلاری ئەمەریكی بەرز ببێتەوە.

بەهۆی هەرەسهێنانی نرخەكانی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆناوە، حكومەتی عێراق تووشی قەیرانێكی قورسی دارایی بووەوە، بۆیە ناچار بوو لەڕێگای قەرزكردنەوە موچەی چەند مانگی رابردووی فەرمانبەران دابین بكات .

بەپێی رێككەوتنی ئۆپێك پڵەس، كە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ واژووكرا، عێراق دەبێت رۆژانە ملیۆنێك و 60 هەزار بەرمیل لە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی كەمبكاتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە مانگەكانی رابردوودا نەیتوانیبوو پابەندی تەواوی ڕێكەوتنەكە بێت، بۆیە بڕیاریداوە لەمانگی ئابەوە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی تر كەمتر بكاتەوە، تا قەرەبووی ئەو مانگانەش بكاتەوە، كە تێیدا پابەند نەبووە.

وەرگێران: ئاكۆ ئاڵی 

بەپەلە