هەڵوێستی ئەمەریكا لەسەر هێرشەكەی توركیا بۆسەر پاسەوانی سنووری عێراق

عیراق

13/08/2020‌ 2510 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەبارەی هێرشەكەی توركیا بۆ سەر هێزێكی پاسەوانی سنووری عێراقی رایگەیاند، ئەمەریكا وردەكاری تەواوی لەسەر هێرشە ئاسمانییەكەی توركیا لە باكووری عێراق لەبەردەستدا نییە، بۆیە لەگەڵ هەردوو لایەنی عێراقی و توركی لەسەر خەتە بۆ ئەوەی زانیاری زیاتری دەستبكەوێت.

كەناڵی حوڕڕەی ئەمەریكی لەسەر زاری بەرپرسێكی ئەمەریكییەوە گواستویەتییەوە، كە راشیگەیاندووە، ئەمەریكا سەرەخۆشییەكی گەرم ئاراستەی خێزان و كەسوكاری قوربانیان و هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هەر هاووڵاتییەكی بێتاوانی عێراقی دەكات، كە بەهۆی ئەو رووداوەكە دڵتەزێنەوە گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی كەناڵە ئەمەریكییەكە، ئەو بەرپرسە ئەمەریكییە ستایشی هەوڵی هێزە ئەمنییەكانی عێراقی كردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان لە باكووری عێراق.

دوای هێرشی رۆژی سێشەممەی فرۆكەیەكی بێفرۆكەوانی توركی بۆ سەر هێزێكی پاسەوانی سنووری عێراقی، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی فاتح یڵدز باڵیۆزی توركیای لەبەغدا كردو یاداشتنامەیەكی نارەزایەتی رادەست كرد.

 هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبەیاننامەیەكدا زۆر بەتوندی هێرش و دەستدرێژییەكانی توركیای سەركۆنە كرد و داواشی كرد توركیا هێزە سەربازییەكانی لە خاكی عێراق بەڕێتە دەرەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی