ئەمریكا وا لەعێراق دەكات دەستبەرداری كارەبای ئێران ببێت

مەلەفی تایبەت

29/08/2020‌ 872 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری "ئیزفیستیا" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە، دەربارەی هاوكارییەكانی واشنتۆن بۆ بەغدا لە رێكخستنی پەیوەندییەكانی كار لەگەڵ سعودییەو بەڵێندەرە ئەمریكییەكان، بۆ ئەوەی لە ئێرانی دوور بخاتەوە.

بەپێی راپۆرتەكە، سەرەڕای ناكۆكییەكانیان لەهەندێك بواردا، ئەمریكا و عێراق بەردەوامن لە گفتوگۆكانیان، كە یەكێك لە بوارە سەرەكییەكانی هاوكاری نێوانیان بریتییە لە وزە. 

هەر بەپێی راپۆرتەكە، هەفتەی رابردوو، وەزارەتی نەوتی عێراق چەند گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان مۆر كرد بە بڕی ٨ ملیار دۆلار.

پێدەچێت ئەنجامی دانوستانەكان بەلای ترامپەوە زۆر بە سوود بێت، كە هەوڵی بەدەست هێنانی گەڕی دووەمی سەرۆكایەتی دەدات، بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی نۆڤەمبەر: بازرگانی ئەمریكا گرێبەستی نوێی دەست دەكەوێت، ئەمەش بابەتێكی زۆر گرنگە لە میانی كورتهێنان پاشەكشەی ئابوری ئەمریكا بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و پەتای كۆرۆناوە.

لە هەمان كاتدا ئیدارەی ئەمریكا پرسێكی سیاسی گرنگی دەرەوە چارەسەر دەكات، ئەویش بەردەوامی دانە بە فشار خستنە سەر ئێران. 

سەرەڕای نوێكردنەوەی تواناكانی بەرهەم هێنانی تایبەت بەخۆی، لەئێستادا عێراق سەرقاڵە بەوەی تۆڕەكانی كارەبا بە سیستەمی وزەی سعودییەوە ببەستێتەوە، لەگەڵ ئەوەی هەردوو وڵات بۆ ماوەی ٣٠ ساڵە دۆستی یەكتری نین. دیارە كۆمپانیای The Market Herald  ی ئوسترالی ئەم پلانەی داناوەو ئەمریكاش بە بە پشتیوانی دەكات تاكو بەغدا پشت بەستنی بە غازو كارەبای ئێران كەم بكاتەوە.

بەڵام تائێستا، پرۆژەكانی هێنانی كارەبا تەنها پلانە. رێككەوتنەكانی هێنانی كارەبا لەگەڵ ئێراندا، كە لەلایەن حكومەتەكەی كازمیەوە ئیمزا كراوە بۆ ماوەی دوو ساڵە، و نیوەی نرخەكەی دراوە، هەروەها جێگری سەرۆك وەزیران عەلی عەلاوی روونی كردۆتەوە، عێراق توانای ئەوەی نییە دەستبەداری كارەبای ئێران بێت پێش ساڵی داهاتوو.

لەلایەكی ترەوە هەنگاو نەنانی حكومەتەكەی كازمی بە شێوەیەكی توند لە هەمبەر تاران بۆ مەسەلەی سیاسی دەگەرێتەوە، و ئێران پارێزگاری لە پەیوەندیە توندو تۆڵەكانی دەكات لەگەڵ شیعەو كوردەكانی عێراق، و بەغداش خۆی لە پاڵەنەرە نوێیەكانی ئەوان و ناڕەزایەتیەكانیان دەپارێزێت.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا