شارپرێس:
بەو ناونیشانە، (پاتریك كوكبرن) راپۆرتێكی لە "ئیندپێندت" بڵاوكردووەتەوە، گوزارشتی لەوە كردووە گوتارە سیاسییەكان لە كۆنگرەی كۆماریەكان دەنگێكی ژەهراوی لەنەتەوەی ئەمریكی تێدا بوو، كە كارە توندوتیژییەكان هەست پێدەكات.
كوكبرن نووسیویەتی: پیرۆز كردنی سەرۆك، كە بەشداربووان لە كۆنگرەكەدا دەریان دەخست، كۆنگرەكانی حیزبی بەعسی لە عێراق بیرخسووەتەوە، كە سەدام حوسەینیان بەرز دەكردەوەو بە سەرۆكی رزگاركەریان دەدایە قەڵەم.
هەروەها نووسیویەتی: هەموو گوتارەكان پیداهەڵدان و بەرز كردنەوە بوو، گوتارەكان ركابەری یەكتریان دەكرد، شكستهێنانەكانیان دەكردە سەركەوتنی مەزن، هەموویان ئەوەیان پشتگوێ خستبوو كە ترامپ چۆن رەفتاری لەگەڵ قەیرانی كۆرۆنا كردوە، و ١٨٠ هەزار ئەمریكی گیانیان لە دەستداوە.
باسی لەوەش كردووە، ئەوەی سەدام كردی لە ماوەی ٣٠ ساڵدا، كاتێ لە بەرامبەر پشتیوانەكانی باسی لە سەركەوتنەكانی دەكرد " دایكی جەنگەكان" لە كوێت، و بەسەركەوتنی عێراقی مەزنی دەدایە قەڵەم.
كوكبرن دووپاتیدەكاتەوە، ئەم بەراوردە لەخۆوە نییە و ئەگەر حیزبی بەعسی عێراقی حزبێكی نەتەوەیی عەرەبی بوبێت، ئەوا دەكرێت حیزبی كۆماری بە حزبێكی نەتەوەیی ئەمریكی دابنرێت، لەهەردوو دۆخەكەدا، هەركەسێك گومانی ئینتیمای لێ بكرێت بۆ سەرۆك، ئەوا كەسێك لە خێزانی سەرۆك لە شوێنەكەی دادەنرێت.
نووسەر وای دادەنێت ترامپ رووبەرووی هەمان كێشەكانی سەدام دەبێتەوە و بەهەمان شێوەی سەرۆكی كۆچكردوی عێراق چارەسەریان دەكات.
خاوەنی راپۆرتەكە پرسیار دەكات، چۆن بۆچوون بۆ خەڵك دروست دەكرێت، كە شكست بكاتە سەركەوتنێكی مەزن؟ ئەمە یەكێكە لە رەفتاری ستەمكاران، بەوەی سەرۆك درۆ دەكات و هێزە دەرەكیەكان و ركابەرەكانی ناوخۆ تۆمەتبار دەكات و هەموو شەڕانگێزیەكانیان دەداتە پاڵ، كاتێ ترامپ دەربارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا قسە دەكات، دەڵێ: كاتێ ڤایرۆسە چینیەكە لە وڵاتماندا بڵاوبوەوە، گەورەترین كۆمەكمان كرد كە لە جەنگی جیهانی دووەمەوە بێ وێنە بووە.
كوكبرن باسی ئەوە دەكات، دەسەڵاتدارە ستەمكارەكان لە هەموو سەدەكاندا جەخت لە دەرخستنی لایەنە باشەكانیان دەكەنەوە و زیندانیەكان ئازاد دەكەن، ئەوەتا ترامپ پابەندی ئەم لاسایی كردنەوەیە، و لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی راستەوخۆدا فەرمانی ئازاد كردنی بۆ دزێك دەركرد كە تۆمەتبار بوو بە دزینی بانكێك. بەهەمان شێوە لە تەلەفزیۆندا دەركەوت كە سەرپەرشتی بۆنەیەكی پێدانی رەگەزنامەی ئەمریكی دەكان بە ژمارەیەك كۆچبەر، كە بە تاوانكارو بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر لە قەڵەمی دەدان.
لە نێو ئەو شتە بێ مانایانەی لە گوتاری ترامپدا و لە كۆنگرەی كۆماریەكاندا هات، گوزارشتی "دووبارە گەڕانەوەی مەزنێتی ئەمریكا" ی بەكارهێنا، كە لە راستیدا خودی خۆی بۆتە هۆكاری پاشەكشەی هەژموونی ئەو وڵاتە.
سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا