شارپرێس:
لەئەنجامی ناكۆكی و ململانێكانی خۆرئاوای لیبیا، ئەنجومەنی سەرۆكایەتی حكومەتەكەی سازانكاری لیبیا، لە 28 ی ئۆگستۆسی 2020 بڕیارێكی دەركرد بە دەستبەستنی فەتحی باشاغای وەزیری ناخۆ و پەلكێشكردنی بۆ بەردەم دەزگای لێپرسینەوەی كارگێڕی ئەنجومەنی سەرۆكایەتی لیبیا.
لە كاتی دەرچوونی بڕیارەكە، باشاغا لە توركا بوو، ئەویش بڕیارەكەی قبوڵ كرد، بەو مەرجەی لێپرسینەوەكە بە ئاشكرایی بەڕێوەبچێت، بۆیە لە 29 مانگ باشاغا گەڕایەوە لیبیا و لە نمایشێكی سەربازیشدا بە یاوەری هەزارەها ئۆتۆمبێلی سەربازی، دەسەڵات و هەژموونی خۆی نمایش كرد.
پاڵنەرەكانی لەكاروەستاندنی باشاغا
پاڵنەرە سەرەكییەكە هەڵكشانی بارگرژی نێوان فایز سەڕاج و فەتحی باشاغایە، لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە:
یەكەم/ زاڵبوون بەسەر گۆڕەپانی سیاسیدا
لەم چەند مانگەی پێشوودا، باشاغا ویستی نمایشی ئەوە بكات كە یەكەپیاوی خۆرئاوای لیبیایە، بۆیەو لەو ماوەیەدا دووجار سەردانی توركیای كرد. باشاغا كۆك و تەبایە لەگەڵ ئەمریكییەكان، بەوەی ناوە ناوە دژ بە هەژموونی ڕووسەكان لە لیبیا دەنگی هەڵبڕیووە و داواش دەكات بۆ بەرتەسككردنەوەی ڕۆڵی ڕوسیا لە لیبیا، بنكەیەكی سەربازی ئەمریكی لە خۆرئاوای لیبیا دابمەزرێت، لەم ساڵانەی دوایشدا باشاغا پەیوەندی هەواڵگری لەگەڵ ئەمریكییەكان پەرەپێداوە.
باشاغا لە ئیخوانەكانە، پەیوەندی پتەوی لەگەڵ قەتەردا هەیە و چەندەها جاریش سەردانی دەوحەی كردووە، لە 21 ی یۆلیۆی ڕابردووش لە ئەنقەرە چاوی بە خالید بن حەمد عەتییە- ی وەزیری بەرگری قەتەر كەوتووە.
دووەم/ پشتی بە گروپە چەكدارەكان قایمە
باشاغا لەدایك بووی شاری میسڕاتە- یە، پشتیوانییەكی گەورەی لێدەكریت لە لایەن میلیشیاكانی میسڕاتەوە، خاوەن هەژموونێكی گەورەیە لە خۆرئاوای لیبیا، بۆیە كاتێ بڕیاری لەكاروەستاندنی دەركرا، میلیشیاكانی میسڕاتە پشتیوانی خۆیان بۆ دەبڕی، لە بەیاننامەیەكیشدا داوایان كرد حكومەتێكی بچوككراوە لە تەڕابلوس پێك بێت و هەموو وەزیرەكانیش بگۆڕدرێن و بارەگای حكومەتیش لە تەڕابلوسەوە بگوازرێتەوە بۆ شارێكی دیكە.
سێیەم/ قۆزتنەوەی خۆپێشاندانەكانی تەڕابلوس بۆ دەستكەوتی سیاسی
بە هۆی خراپی دۆخی ئەمنی و خراپی خزمەتگوزاری و باڵادەستی گروپە چەتە بیانییەكان لە دزی و تاڵانی، خەڵكی تەڕابلوس هاتنە سەرشەقام و ناڕەزاییای گەورەیان نیشاندا، ئەمەش هەلێك بوو بۆ باشاغا كە ململانێكەی لەگەڵ سەڕاج برەو پێ بدات، بە تایبەتیش كە دەسەڵاتەكەی سەڕاج بە زەبری هێز خۆپێشاندانەكانی سەركوت كردن و چەند خۆپیشاندەرێكیش بریندار بوون. باشاغا لاگیری خۆپێشاندەران بوو، بەوەی مافی ڕەوای خۆیانە ناڕەزایی ئاشتییانە دەربڕن، هۆشداریشی دایە گروپە چەكدارەكان كە زیان بە خۆپێشاندەران نەگەیەنن، لێرەدا سەڕاج كەوتە تەڵەزگەیەكی گەورەوە، چونكە ناڕەزاییەكان دژ بە حكومەتەكەی ئەو بوون، بۆیە ئەو بەیاننامە سەرۆكایەتییەی دەركرد و باشاغای لەكار وەستاند بەو مەبەستەی لێپرسینەوەی لێ بكرێت.
چوارەم/ لاگیری توركیا
زۆرینەی پێنوێنەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە توركیا پشتیوانی باشاغایە كە ئیخوانەكانی لیبیا پشتیوانی لێ دەكەن، بە تایبەتیش خالید مشری سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دەوڵەت، ئەوان دەیانەوێت باشاغا جێگەی سەڕاج بگرێتەوە كە ڕووبەڕووی توڕەیی جەماوەری تەڕابلوس بۆتەوە. بڕیاری لەكاروەستاندنیشی لە لایەن سەڕاجەوە، سازان و كۆدەنگی لەسەر نەبووە و توركیاش پشتیوانی ئەو بڕیارە نەبووە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دوا سەردانی باشاغا بە یاوەری خالید مشری بۆ ئەنقەرە، بێ ئاگاداری فایز سەڕاج بووە، ئەمەش سەڕاجی ترساندووە لەوەی بە پشتیوانی توركیا هەڵگەڕانەوەیەكی سەربازی لە دژ ئەنجام بدرێت.
لێكەوتی جۆراوجۆر
دوا ڕووداوەكانی خۆرئاوای لیبیا چەند لێكەوتێكی گرنگیان لێكەوتۆتەوە كە دەكرێت لەم چەند خاڵەدا كۆیان بكەینەوە:
یەكەم/ سەرهەڵدانی ململانێی ناوچەگەری
ململانێ نێوان سەڕاج و باشاغا، لە بنەچەدا ململانێی نێوان هەردوو شاری میسراتە و تەڕابلوسە، كە دوو شاری بەهێزی خۆرئاوای لیبیان، هەر یەكەیان میلیشیای بەهێزیان هەن و خاوەن بەرژەوەندی ئابووری گەورەن، چاوەڕوان دەكرێت لە ئایندەدا ململانێی نێوانیان توندتر بێت، بە تایبەتیش كە خەڵكی شاری میسڕاتە داواكارن بارەگای حكومەت لە تەڕابلوس نەمێنێت و بگوازرێتەوە شارێكی دیكە.
دووەم/ هەڵكشانی ململانێ باڵەكان
لە 29 ی ئۆگۆستۆس حكومەتەكەی سەڕاج دوو بڕیاری دەركردن بە دانانی عەقید سەڵاح نەمروش بە وەزیری بەرگی و محەمەد حەداد بە سوپاسالاری سوپای لیبیا. دووەمیان خەڵكی میسڕاتەیە، بۆیە دانراوە تاوەكو بسەلمێنن كە ململانێكە لەگەڵ باشاغایە نەوەك شاری میسڕاتە. جوڵەیەكی سەرنجڕاكێشیش هەیە بە دانانی ئەو سەركردە سەربازییانەی سەر بە سەڕاجن، بۆیە چاوەڕی دەكرێت لە قۆناغی ئایندەدا ململانێ نێوان باڵەكانی حكومەتەكەی سەڕاج خەست وخۆڵتر بێت.
سێیەم/ تێوەگلانی ئەنقەرە
ئەنقەرە لەو ململانێیەدا بێلایەن نییە و لاگیری لایەنێك دژ بە لایەنیكی دیكە دەكات، بۆیە ململانێ سیاسییەكانی نێوان باڵەكانی حكومەتەكەی سەڕاج بەرەو هەڵكشان چووە، ئەنقەر لاگیری باشاغایە و ئەمەش دۆخەكەی خراپتر كردووە. بۆیە لادانی باشاغا میلشیاكانی میسڕاتە توڕە دەكات و دەیانكاتە نەیاری تەرابلوس، بەمەش هاوبەندی نێوان میلیشیاكانی خۆرئاوای لێبیا دژ بە سوپاس لیبیا درز و كەلێنی تێدەكەوێت. لاگیری ئەنقەرە بۆ میلیشیاكانی میسڕاتە ئەوە دەگەیەنێت كە لە ئایندەدا میلیشیاكانی تەرابلوس دەبنە نەیاری توركیا. ئەمە جگە لەوەی لە تەرابلوس هەزارەها چەتەی بیانی تێدان كە ناوە ناوە لەگەڵ میلشیاكانی تەڕابلوس پێكدادەدەن، ئەمەش خەڵكی شارەكەی توڕە كردووە كە بێبەشن لە خزمەتگوزارییەكان، لەولاشەوە چەتەكان خەریكی كوشتن و تاڵان و بڕۆیین لە تەڕابلوس.
هەڵكشانی دیاردەی بەسەربازیكردن لە خۆرئاوای لیبیا
ئەگەر لە خۆرئاوای لیبیا ململانێی نێوان سەراج و باشاغا بەرەو هەڵكشانی زیاتر بچێت، دوور نییە پێكدادانی چەكداری لە نێوان هەردوولادا لێ بكەوێتەوە، چونكە بە گەڕانەوەی باشاغا لە ئەنقەرەوە، لە فڕۆكەخانەی معیتیقە پێشوازییەكی گەرمی سەربازی لێكرا، ئەمەش پەیامێكی ناڕاستەوخۆ بوو بۆ سەڕاج كە میلیشیاكانی باشاغا دەتوانن ڕووبەڕووی میلیشیاكانی سەڕاج ببنەوە، میلیشیاكانی تەڕابلوسیش لەو ماوەی پێشوودا (27 ئۆگۆستۆس) باشاغا و ئیخوانەكانیان بەوە تۆمەتبار كرد كە گەرەكیانە دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرن، لە هەمان كاتیشدا ووتاری میلیشیاكانی میسراتە دژ بە میلیشیاكانی تەڕابلوس بەرەو هەڵكشان چووە.
پوختەی قسە ئەوەیە: كە هەڵكشانی بارگرژییەكانی نێوان میلیشیاكانی خۆرئاوای لیبیا، هەڕەشە لە هەژموونی توركیا دەكات لە لیبیادا، ئەنقەرەش گەرەكیەتی سوود لەو هەژموونەی خۆی وەرگرێت و پێگەی خۆی پێ قایم بكات لە باكوری ئەفریقیا و باشوری دەریای سپی ناوەڕاست، دووریش نییە ئەو كێشمەكێشمە، سەری هەژموون و بەرژەوەندییەكانی توركیا بخوات لە لیبیا و ناوچەكانی دەوروبەری.
سەرچاوە: ئەحوال توركیا
وەرگێران : لوقمان حاجی قادر