ئاشتەوایی ئیمارات‌و ئیسرائیل هەموو عەرەب دڵخۆش ناكات

مەلەفی تایبەت

04/09/2020‌ 833 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئانا یۆرانیتس لەگۆڤاری "غازیتا رو" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی قووڵبونەوەی ئاساییكردنەوەكەی  نێوان ئەبو زەبی و تەل ئەبیب لەسەر دابەشبوونی زیاتری (سونەو شیعە) لەجیهانی ئیسلامیدا.

بەپێی راپۆرتەكە، شاندەكەی ئیسرائیل و ئەمریكا گەیشتنە وڵاتی ئیمارات و لەگەڵ سەركردایەتی ئەو دەوڵەتەدا گفتوگۆیان دەربارەی ژمارەیەك پرس كرد، لەگەڵ مۆركردنی رێككەوتننامەی هاوكاری لە بواری مەدەنی و ئابووریدا. 

هەر بەپێی راپۆرتەكە، ئەو گەشتەی وەفدەكەی هەڵگرتبوو، یەكەمین گەشتی فرۆكەوانی راستەوخۆ بوو لە تەل ئەبیبەوە بۆ ئیمارات.

دیارە فڕینی فرۆكەكە لە ئاسمانی سعودییەوە، ئاماژەیەكی گرنگی تری گرنگە بۆ ئیسرائیل، بەلای كەمەوە مانای ئەوەیە شانشینەكە رەزامەندە لەسەر پەڕینەوە بە ئاسمانیدا و تەواو كردنی گەشتەكە. 

بەشێوەیەكی سروشتی ئاسمانی ئەو وڵاتە بەرانبەر فرۆكەكانی ئیسرائیل داخرابوو. لەلایەكی ترەوە، شا سەلمان وەك پشتیوانیەك بۆ فەلەستینیەكان بایكۆتی ئیسرائیلی كردبوو، كەچی ئەم جوڵەیە جۆرێكە لە پشتیوانی كردن بۆ رێككەوتنی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل.

لەو بارەیەوە، شارەزا لە ناوەندی كارنیگی لە مۆسكۆ (ئەلیكسی مالاشینكۆ) دەڵێت: سەرجەم جیهانی ئیسلامی دڵخۆش نیە، بەڵام زۆربەی سەركردەی ئەو وڵاتانە لەگەڵیدان، چونكە هەموویان لەو ململانێیە بێزابوون، سەرەرای بوونی كێشەی تریش لە نمونەی تونڕەوە ئیسلامیەكان. لەبەرئەوە، ئەگەر بێت و تەماشای ئایندە بكەین، ئەوا پەیوەندی نێوان عەرەب و ئیسرائیل بە شێوەیەكی گشتی بەرەو باشتربوون دەچێت.

پێش ١٣ی ئاب، هیچ وڵاتێكی كەنداو پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیلدا نەبوو، شرۆڤەكارە سیاسیەكان كۆكن لەسەر ئەوەی ئەم هەنگاوەی ئەمریكا نێوەند گیری بۆ سەركەوتنی دەكات و ترسی لایەنەكانی تریش لە زیاد بوونی هەژمونی ئێرانە لە ناوچەكەدا.

ئێرانییەكان بە لووت بەرزیەوە رەفتار ناكەن، بەڵام بەرزە فڕی ئێجگار زۆریان هەیە. پاشان، بیرۆكەی پشتگیری بۆ یەكبونی شیعە لەزۆر شوێن بڵاوبووەتەوە، لە سوریا و یەمەن، هەتا میسریش لەوە دەترسێت، كە هەندێك گەنجی ئەو وڵاتە گرنگی بەشیعەبوون دەدەن. 

دیارە ئەم رێككەوتنە بەلای ئێرانەوە زۆر جێگای سەرسورمان نییە، لەبەر ئەوەی بەردەوام جیهانی ئیسلامی بۆ سونەو شیعە دابەش بووە، بەڵام رێككەوتنەكە، ئەو ململانێیە توندتر دەكات.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێران: حلمی رەسول رەزا