زیاتر لە یەک ملیار کەس تا ساڵی 2050 رووبەڕووی ئاوارەبوون دەبنەوە

جیهان

09/09/2020‌ 663 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2050 زیاتر لە یەک ملیار کەس لە جیهاندا رووبەڕووی ئاوارەبوون ببنەوە، ئەوەش بەهۆی کەمبونەوەی ئاو لەسەر زەوی و زیادبونی خێرای ژمارەی دانیشتوان.

پەیمانگای ئابووری و ئاشتی کە سەنتەرێکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە، توێژینەوەیەکی نوێی ئەنجامداوە تیایدا باسی لە هەڕەشە ژینگەییە جیهانییەکان کردوە و ئەوە دەردەخات، کە تا ساڵی 2050 زیاتر لە یەک ملیار کەس لەئاکامی گەشەی خێرای دانیشتووان، دەستنەگەیشتن بە خۆراک و ئاو و زیادبوونی کارەساتە سروشتییەکان، مەترسی ئاوارەبوونیان لێدەکرێت.

لەگەڵ ئەوەی پێشبینی دەکرا ژمارەی دانیشتوانی جیهان تا ساڵی 2050 بۆ نزیکەی 10 ملیار کەس بەرزبێت، بەڵام توێژینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە نزیکەی یەک بۆ دو ملیار کەس کە لە ناوچە هەژار نشینەکانی ئەفریقا و ئاسیای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژین، رەنگە تا ساڵی 2050 ناچار بکرێن کۆچ بکەن.

بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەکان، تا ساڵی 2019،  فاکتەرە ژینگەییەکان و ململانێکانی نێوان وڵاتان 30 ملیۆن کەسی ئاوارە کردووە.

ستیڤ کێلی، دامەزرێنەری پەیمانگای ئابووری و ئاشتی بە ئاژانسی رۆیتەرز راگەیاندووە: نەک تەنها ئاوارەبوونی بە کۆمەڵ، بەڵکو وڵاتە پێشکەوتووەکان رووبەڕووی لێشاوی پەنابەران دەبنەوە، ئەوەش بەهۆی هەڕەشەی ئاسایشی خۆراک، کەمی ئاو، زیادبوونی خێرای ژمارەی دانیشتوان، کارەساتە سروشتییەکان لەوانە لافاو، وشکەساڵی، گەردەلول، بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما.

هاوکات هەندێک وڵات وەک هیندستان و چین لە دەیان ساڵی داهاتوودا زیاتر هەڕەشەی کەمئاوییان لەسەر دەبێت، هەندێک وڵاتی دیکەش وەک پاکستان و ئێران و مۆزەمبیق و کینیا ڕووبەڕووی ژمارەیەک هەڕەشەی مەترسیدار دەبنەوە.

لە توێژینەوەکەدا ئەوەش هاتووە: ئەو وڵاتانە لە ئێستادا بەشێوەیەکی بەرفراوان دۆخیان سەقامگیر و جێگیرن، بەڵام زۆر لاوازن بەرامبەر بە هەڕەشە ژینگەییەکان و دروستبونی شەڕو ئاڵۆزی، ئەوەش مانای ئەوەیە کە زیاتر لاوازن بۆ داڕووخان لە داهاتوودا.

ه.م