وردەكاری ڕێككەوتننامە مێژوویەكەی ئاشتی نێوان ئیسڕائیل و ئیماڕات و بەحرەین

جیهان

16/09/2020‌ 1194 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوێین سێ شەممە، لە ڕێوڕەسمێكدا لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا، دوو پەیماننامەی ئاشتی مێژوویی لە نێوان ئسڕائیل و ئیماڕات لە لایەك و ئیسڕائیل و بەحرەین لە لایەكی دیكەوە واژۆكران.

بەر لە مەراسیمی واژۆكردنەكە دۆناڵد تڕەمپی سەرۆكی ئەمریكا پێشوازی لە هەریەك لە عەبدوللەتیف زەیانی وەزیری دەرەوەی بەحرەین و عەبدوڵا بن زایدی وەزیر دەرەوەی ئیماڕات كرد، هەردوو وەزیرەكە لە كۆشكی سپی لەگەڵ تڕەمپ كۆبوونەوە. دواتریش لەگەڵ میلانیا- ی هاوسەری پێشوازی لە بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیری ئیسڕائیلی كرد.

دواتر لە باخچەی كۆشكی سپی دوو ڕێككەوتننامەكەی ئاشتی ئیسڕائیل لەگەڵ هەریەك لە ئیماڕات و بەحرەین واژۆكرا پێشتریش ئیسڕائیل لە 40 ساڵی ڕابردوودا، سێ ڕێككەوتننامەی دیكەی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی واژۆكردووە.

مەراسیمەكە بە ئامادەبوونی گەورە بەرپرسانی حكومەتی ئەمریكی و هەردوو شاندی ئیماڕات و بەحرەین بەرێوەچوو.

لەبارەى رێککەوتنەکە تید كرۆزی كۆنگرێسمان رایگەیاند، ڕێككەوتننامەكە بۆ برەودان بە ئاشتی ناوچەكە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئێرانە.

هاوکات سیناتۆر میت ڕۆمنی رایگەیاند، ڕێككەوتننامەكە دامەزراندنی هاوبەشبەندییەكی تازەی پێویستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی چالاكییە شەڕانگێزییەكانی ئێران، هاوبەشبەندییكەش لە خزمەت ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا دایە.

میتش ماكونێڵ – ی سەرۆكی زۆرینە لە ئەنجومەنی پیران لە تویتێكدا لەوبارەوە وتی: ئەمڕۆ ڕۆژێكی مێژووییە بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵات ناوەڕاستدا، بە هۆی ئەمریكا و ئیدارەكەی تڕەمپەوە هەنگاوەكانی ئاشتی بەرەوپێشەوە دەچن.

باڵوێزی ئەمریكا لە ئیسڕائیل ئاماژەى بەوە کرد، دەبێت فەڵەستنییەكان دەستبەرداری ووتار و پەیامەكانی پێشوویان ببن.

هاوکات هزاع بن زاید- ی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی جیبەجێكاری ئیماڕاتی لە ئەبوزەبی سەبارەت بەو ڕووداوە وتی: لە ڕێگەی گفتوگۆوە فەڵەستینییەكان دەتوانن ببنە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان، ڕێككەوتننامەكەش پەڕەیەكی تازە لە ناوچەكە هەڵدەداتەوە.

سەیف بن زایدی جێگری سەرۆك وەزیر و وەزیری ناوخۆی  ئیماڕاتیش گوتی: پەیماننامەكە هەنگاوێكە بەرەو ئاشتییەكی تازە و هەمیشەیی لە ناوچەكەدا.

ئەنوەر گرگاشی وەزیری دەوڵەتی ئیماڕاتی بۆ كاروباری دەرەوە لەو بارەوە وتی: بە هۆی ئەم ڕێككەوتننامەوە كە وڵاتەكەی لەگەڵ ئیسڕائیل واژۆی كردووە، 30% ی داگیركاری زەوییەكانی لێواری خۆرئاوای فەڵەستینی وەستاندووە، وتیشی ڕێككەوتننامەكە دەرفەتێكی گەورە بۆ چارەسەركردنی كیشەی فەڵەستین فەراهەم دەكات.

بە گوێرەی ئەو دوو ڕێككەوتننامەیە، هەریەك لە ئیماڕات و بەحرەین، پەیوەندی دبلۆماسی و بازرگانی و ئابووری لەگەڵ ئیسڕائیل دەبەستن، ڕێككەوتننامەكە هاوپەیمانییەكی فەرمی دژ بە هەڕەشەكانی ئێران و چاوتێبڕینەكانی توركیا لێدەكەوێتەوە، ڕێگەش بۆ ئیماڕات خۆش دەكات سەودا و مامەڵەی چەكی پێشكەوتوو لەگەڵ ئەمریكادا ئەنجام بدات.

هەریەك لە میسر لە ساڵێ 1979 و ئوردونیش لە ساڵی 1994  و دواتریش دەسەڵاتی فەڵەستینی لە ئۆسلۆ، ڕێككەوتننامەی ئاشتییان لەگەڵ ئیسڕائیلدا واژۆ كردووە، باس و خواسی ئەوەش گەرمە كە چەند دەوڵەتێكی دیكەی وەك عومان و مەغریب و سودان  لە ئایندیەكی نزیك و دووردا رێككەوتننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسڕائیلدا مرۆ دەكەن.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەبییە
وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر


بەپەلە