حکومەتى هەرێم گرێبەستی دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر ئەنجامدەدات

کوردستان

17/09/2020‌ 1726 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێم برایدەگەیەێنت کە یەکێک لە پلانەکانى وەزارەتەکەیان ئەوەیە هێڵی شەمەندەفەر لە سەرتاسەری کوردستان دابمەزرێنێت.

مەریوان مەلا حەسەن، وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بە ماڵپەڕی فەڕمی پارتی راگەیاندوە، ھەوڵەکانی حکومەت بۆ ئاسانکردنی رێگاکانی ھاتوچۆ بەردەوامن،یەکێک لە پلانەکانی وەزارەت، جێبەجێکردنی ھێڵی شەمەندەفەرە لە ھەرێمی کوردستان کە بڕیارە ئەمساڵ قۆناغی یەکەمی جێبەجێبکرێت، ئەویش ئەنجامدانی گرێبەستە بۆ پڕۆژەی شەمەندەفەر لە ھەرێمی کوردستان.

وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە رونیکردوەتەوە، درووستکردنی ھێڵی شەمەندەفەر، ئێستا کاری لەسەر دەکرێت و ئەمساڵ تەنیا گرێبەستەکەی واژۆ دەکرێت، بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەر لەسەر ئەو پرسە مەریوان حەسەن دەڵێت "ھێڵی شەمەندەفەر لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێت و ھەموو شارەکان پێکەوە دەبەسترێنەوە، دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە و کەوتنەکاری ھێڵەکە، بێگومان سوودی ئێجگار زۆری دەبێت بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان بە نرخێکی ھەرزان و شێوازێکی سەردەمیانە ھاتوچۆ بکەن، ئەوە جگە لەوەی چەندین سوودی دیکەی ھەیە وەک پاراستنی ژینگە".

 

لە کاتى راگەیاندنى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم و پێشکەش کردنى کارنامەى وەزارەتى ئاوەدان کردنەوە ئاماژە بە راکێشانى هێڵی شەمەندەفەر کراوە لە کوردستان.

س.هـ