شارپرێس:
لێکۆڵینەوەیەکی نوێی
ئەمەریکی کە لەسەر ٣٠٠٠ کەس کراوە کە لەنەخۆشخانەکانی ئەمەریکا چارەسەرکراون ،
دەریخستووە کەسانی پێگەیشتوو ( ١٨ بۆ ٣٤ ساڵ) ئەوانەی بەدەست قەڵەوی و نەخۆشیی
شەکرە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنەوە دەناڵێنن ، لەکاتی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی
کۆڕۆنا ، بەراورد بە کەسانی تر زیاتر ئەگەری
گیانلەدەستدانیان هەیە و زیاتر پێویستیان بە هەناسەدانی دەستکرد دەبێت .
لێکۆڵینەوەکە ئەوەیشی
پیشانداوە کە کەسانی رەشپێست و ئەمەریکییە بەرەگەز لاتینییەکان لە رەگەزەکانی تر زیاتر
ڤایرۆسەکە زیانی پێگەیاندوون، بەشێوەیەک ژمارەی گەنجەکانیان ئەوانەی
لەنەخۆشخانەکاندا چارەسەریا بۆکراوە گەیشتۆتە ٥٧٪ ، جگە لەوەی رەشپێست و
لاتینییەکان ئەوانەی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە یان پێویستیان بە
ئۆکسجینی دەستکرد بووە گەیشتۆتە ٤٩٪ لەکاتێکدا ئەوان ڕێژەی ٣٣٪ی خەڵکی ئەمەریکی
پێکدەهێنن .
بەشێکی تری
لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەو گەنجانەی بەدەست نەخۆشییەکانی (قەڵەوی
لەڕاددەبەدەر و شەکرە و بەرزەپەستانی خوێن)ەوە دەناڵێنن، ئەوە بەگوێرەی لێکۆڵەران
بەهەمان ئەندازەی کەسانی پێگەیشتووی چینە تەمەنەکانی (٣٥ بۆ ٦٤ ساڵ) مەترسیی گیان
لەدەستدانیانیان هەیە یان پێویستیان بە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد دەبێت .
ئەو لێکۆڵینەوەیە
دەچێتە پاڵ ئەو زنجیرە لێکۆڵینەوانەی تر کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کەسانی قەڵەو لەکەسانی
تر زیاتر مەترسیی لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنایان لەسەر دەبێت .
وەرگێڕان : ئاکۆ ئاڵی