شارپرێس:
شارپرێس
گۆڤاری ناشیۆناڵ ئینترێستی ئەمەریکی باسی لەوە کردووە کە سەردانی مایک
پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ قوبرس و ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازیی هاوبەشی
نێوان پاسەوانی نیشتیمانی قوبرس و هێزی دەریایی ئەمەریکا ، لەچوارچێوەی هەوڵەکانی
واشنتۆندایە بۆ بەهێزکردنی بوونی سەربازیی لە کەندناوی سودا لە دورگەی کریت ،
ئەویش بەهۆی دڵنیانەبوونی لە ئایندەی بوونی سەربازیی ئەمەریکی لە بنکەی ئاسمانی
ئینچەرلیک لە باشووری تورکیا .
گۆڤارەکە جەختی کردۆتەوە کە لەحاڵەتی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا
و ئەمەریکا ، ئەگەری زۆر ئەوەیە کە بنکەی ئینچەرلیک دەکەوێتە بەر ئاگری ئەو شەرەوە
.
راپۆرتەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە تورکیا هەوڵدەدات بۆ بەدەستهێنانی
پشتیوانی ماددی و دیبلۆماسی سوود لە پشتبەستنی ئەمەریکا بە بنکەی ئاسمانی
ئینچەرلیک وەربگرێت ، بەشێوەیەک پێش جەنگی عێراق لەساڵی ٢٠٠٣ ، ئەنقەرە مەرجی
ئەوەی دانابوو کە دەبێت بۆ هەموو هەستان و ئەرکێکی ئاسمانی فرۆکە ئەمەریکییەکان لە
بنکەکە ئەو وڵاتە مافی ڤیتۆی هەبێت ، کەئەمە لەباریداهەبوو پرۆسە سەربازییەکانی
ئەمەریکا نەوەک هەر بێکاریگەر بەڵکو ئەستەمیشیان بکات.
لەبەرئەوە بەدرێژایی ١٥ ساڵی رابردوو ئەمەریکا هەوڵیداوە جێگرەوەی بنکەی
ئاسمانی ئینچەرلیک بدۆزێتەوە ، بۆئەوەش بوونی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکای لە
بنکەی ئاسمانی کۆگلنیسانۆی رۆمانی فراوان کرد ، هەروەک لەنێوان ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨
بڕی ١٥٠ ملیۆن دۆلاری لە نوێکردنەوەی بنکەیەکی ئاسمانی لە ئوردن خەرج کرد .
گۆڤارەکە جەختی کردۆتەوە کە واشنتۆن بەشێوەیەکی لێبڕاوانە هەوڵیداوە پشتبەستنی
بە بنکەی ئاسمانی ئینچەرلیک کەمبکاتەوە ، بۆئەوەش وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا
ڕێژخانی بەرگری خۆی لەناوچەکە هەمەچەشن کردووە ، کە ئەمە وایکردووە هەر بوونێکی
سەربازیی ئەمەریکی لە تورکیا وەک بارگرانییەک هەژمار بکرێت .
ناشیۆناڵ ئینترێست ڕوونیکردۆتەوە کە بەهۆی دوژمنایەتی حکوومەتی تورکیی و
نزیکەی لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی تیرۆریستان لە سوریا ، پنتاگۆن لەبارەی بوونی سەربازانی ئەمەریکا لە
ناو بنکەکە نیگەرانە و بەشێوەیەکی کرداریش دەستیکردووە بە دانانی پلان بۆ بردنە
دەرەوەی چەکە ناوەکییەکان لەو جێگایە کردووە .
لەراپۆرتەکەدا باس لەوەش کراوە کە پاشەکشەی هەنگاو بەهەنگاوی هێزەکان مەترسیی درووست دەکات ، لەبەرئەوەی کەمکردنەوەی
ژمارەکە دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئەوانەی دەمێننەوە ، بۆیە لەبری ئەوە دەبێت
ئەمەریکا لەنێوان شەو و رۆژیکدا بنکەکە چۆڵ بکات ، بەشێوەیەک کاتێک تورکەکان لەخەو
هەڵدەستن ببینن سەرجەم هێز و فرۆکەکانی ئەمەریکا ناوچەکەیان جێهێشتووە .
جەختیشی کردۆتەوە کە پشتیوانانی تورکیا لەناو وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس دژ
بە هەر هەنگاوێکی لەو جۆرە دەوەستنەوە ، لەبەرئەوەی پێیان وایە تورکیا لەو
گەورەترە کە لەدەست بدرێت ، جگە لەوەی ترسیان هەیە دژمانیەتیکردنی تورکیا بوسوودی
رووسیا بشکێتەوە .
وەرگێڕان : ئاکۆ ئاڵی