كازمی دەستی دادگا واڵا دەكات و بەرپرس و بزنسمانەكان دەستگیر دەكات

عیراق

19/09/2020‌ 1817 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوە حكومییەكان باس لەوە دەكەن كە لە چوارچێوەی هەڵمەتی تازەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا كە خودی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران سەرۆكایەتی دەكات، چەند بەرپرس و بزنسمانێكی عێراقی بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەستگیر كراون.

لەو چوارچێوەیەشدا چوارشەممەی ڕابردوو،  هەریەك لە ئەحمەد ساعدی سەرۆكی سندوقی خانەنشینی عێراقی و شاكر زاملی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی لە بەغدا دەستگیر كراوون.

 

سەرچاوەكان ئەوەشیان دووپات كردۆتەوە كە 5 شەممەی ڕابردوو، بەها عەبدول حوسەین- ی سەرۆكی كۆمپانیای (كی كارد) ی ئەلەكترۆنی لە فڕۆكەخانەی بەغدا دەستگیركراوە.

بەرپرسانی حكومی ڕەتیان كردۆتەوە هیچ ووردەكارییەك لەو بارەوە ئاشكرا بكەن، وەك ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی دەستگیركراوان كراوە، یان شوێنی دەستگیركردنیان یاخود ئەو ڕێوشوێنە دادوەرییانەی لە دژیان دەگیرێتەبەر.

سەرچاوەكان باسی ئەوەشیان كردووە كە لیستێك لە ناوی ئەو بەرپرسانەی تۆمەتبارن بە گەندەڵی دراوەتە فڕۆكەخانە و دەروازە سنورییەكان، تاوەكو ڕێگریان لێ بكرێت و نەتوانن گەشتی دەرەوەی وڵات بكەن.

بەرپرسێكیش لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس گوتوویەتی:  لیژنە دادوەرییەكەیان دەمێكە بە دوای چەند كەیسێكی گوماناوی تێوەگلانە لە گەندەڵی، دواتریش فرمان و یاداشتنامەی دەستگیركردن بۆ كەسە گۆمانلێكراوەكان دەردەكات.

سەبارەت بە پرسیارێكیش كە ئاخو دەكرێت متمانە بە دادگا بكرێت بۆ بەدواداچوونی كەیسەكان، بەرپرسەكە وتی: دادوەرانی لیژنەكەمان لە توانایان دایە ئەركەكانی سەرشانیان بە باشی جێبەجێ بكەن و كەیسی تێروتەواویش ئامادە بكەن.

دوو بەرپرسی دیكەش گوتیان كە هەڵمەتەكە هیچ كەس و حزب و كەرتەیەكی كاری دیاریكراوی بەئامانج نەگرتووە، بەڵام دەكرێت پێشبینی زۆر ناوی دیكەش بكرێت كە لە گەندەڵییەوە گلاون.

بە گوێڕەی قسەی چەند بەرپرسێكی عێراقی كە ئاگاداری كارەكانی لیژنەكەن، مانگی پێشوو مستەفا كازمی لیژنەیەكی تازەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ( دۆسییەی گەندەڵییە گەورەكان) دەستنیشان كرد، لەم هەفتەیەشدا چەند كەسێكیان دەستگیر كردووە.

بە گوێرەی لێكۆڵینەوەیەكیش كە پەرلەمانی عێراقی پێشتر ئەنجامی داوە، لە ساڵی 2003 وە نزیكەی 450 ملیار دۆلار لە ماڵی گشتی دیار نەماوە و چۆتە گیرفانی سیاسی و بزنسمانە گومانلێكراوەكانەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا، لە میانەی كۆشەكانی بۆ وەستاندنی گەندەڵی لە دامودەزگاكانی حكومەتدا، بەم دواییانە كازمی چەند كەسێكی تازەی لە بانقی مەركەزی عێراق و دەستەی دەستپاكی و دەستەی وەبەرهێنان دامەزراندووە.

ئەم هەوڵ و كۆششانەی كازمی لە كاتێك دایە كە عێراق بەدەست تەنگژەی جۆراوجۆری سیاسی و ئابووری و تەندروستییەوە دەناڵێنێت. لەوساوەی كازمی پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرتووە، شەقامی عێراقی داوای ئەوەی لێدەكەن گەندەڵی بوەستێنێت، بەشبەشێنەی حزبی و تایەفی لە وڵاتدا هەڵوەشێنێتەوە، چونكە زۆرێك لە دۆسییەكان بە تایبەتیش دامەزراندنی كەسەكان، بە گوێرەی بە بەشبەشێنەی حزبی و تایەفی دامەزراون.

هەر بە هۆی ئەو گەندەڵكارییەی بە شێوەیەكی بەرفراوان لە عێراقدا تەشەنەی كردووە، لە ئۆكتۆبەری 2019  شەپۆلی ناڕەزاییەكی بەرفراوانی جەماوەری لێكەوتەوە كە هەموو پارێزگانانی عێراقی گرتەوە بە تایبەتیش پارێزگاكانی باشور.

هێشتا توێژێكی زۆری شەقامی عێراقی پەیوەستن بە داواكارییەكانیانەوە، داوا دەكەن چینە سیاسییە فەرمانڕەواكە كە تۆمەتبارن بە تێوەگلان لە گەندەڵی، لە بەڕێوەبردنی كاروباری دەوڵەت دوربخرێنەوە.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەبییە
وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر