رووسیا گڵۆپی سەوز بۆ فرۆشتنی دوو دەرمانی دژە کۆڕۆنا لە دەرمانخانەکان هەڵدەکات

جیهان

20/09/2020‌ 732 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "نۆڤۆستی "ی رووسی ، وەزارەتی تەندرووستیی رووسیا رایگەیاندووە کە ڕێگەیانداوە  دوو دەرمانی رووسی دژ بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ لە دەرمانخانە گشتییەکانی ئەو وڵاتە  بفرۆشرێت.

بەگوێرەی رۆژنامەی "مۆسکۆ تایمز"ی رووسی ، ئەو دوو دەرمانە بریتین لە جۆرەکانی فاڤیراڤیری درووستکراو لە روسیا کە کۆپی گشتیی دەرمانی دژە ئەنفلۆنزایە و کۆمپانیای فوجی فیلمی یابانی پەرەیپێداوە .

تاقیکردنەوە کلینیکییەکان دەریانخستووە کە دەرمانەکە تووشبووانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەشێوەیەکی خێراتر چاکدەکاتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە تەنیا رووسیا و هیندستان و چین ڕێگە بە بەکارهێنانی ئەو جۆرە دەرمانە بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆڕۆنا دەدەن .

یەکێک لەو دەرمانە پشتپێبەستراوانە بەناوی بازرگانی" ئاریبیلیڤەر" لەرۆژی دووشەممەی داهاتووەوە لەزۆربەی دەرمانخانەکانی رووسیا  دەفرۆشریت، جگە لەوەی پێشبینی دەکرێت دەرمانی "کۆرۆناڤیر"یش لە دەرمانخاکانی رووسیا بفرۆشرێت .

پێشتریش وەزارەتی تەندوروستیی رووسیا رەزامەندی لەسەر دەرمانیکی تر دابوو تاوەکو لەچارەسەرکردنی تووشبووانی کۆڕۆنا پشتی پێببەسترێت کە ئەویش دەرمانی "ئەڤیاڤیر"بوو ، کە بەشێکی زۆری بەرهەمهێنانی هەناردەی وڵاتانی تری وەک بیلارووسیا و کازاخستان و وڵاتانی تر دەکرا .

وەرگێڕان : ئاکۆ ئاڵی