بەدڵی تورکەکانی نەکردووە.. دەستلەکارکێشانەوەی سەرراج ئەردۆغانی پەست کردووە

جیهان

21/09/2020‌ 1938 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی لێدوانی بەرپرسێکی تورکی، دەستلەکارکێشانەوەی فایز سەرراجی سەرۆکی حکوومەتی تەرابلووس بەلای حکومەتی تورکیاوە کتوپر و سوپرایز بووە و بەرپرسانی ئەو وڵاتەی زۆرپەست و  نیگەران کردووە ، بەتایبەت کە سەرراج هەموو ئەو ئەرکانەی جێبەجێ نەکردووە کە تورکەکان لێیان داوا کردووە بەرانبەر بە دەستتێوەردانیان بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی لایەنگرانی مووشیر خەلیفە حەفتەر .

رۆژی چوارشەممە سەرراج لەلێدوانێکدا کە تەلەفزیۆنی فەرمی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە خواستی خۆی بۆ دەستبەرداربوون لە پۆستەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند کە ئەوپەڕی تاکۆتایی مانگی ئۆکتۆبەر لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە هەروەک هیواشی خواست لیژنەی دانوستانەکان بتوانێت کارەکانیان تەواو بکەن و سەرۆک سەرۆک وەزیرانێکی نوێ هەڵبژێرن .

هەروەک بەپیی پێگەی " میدڵ ئێست مۆنیتۆر" رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا زۆر لەو بڕیارەی سەرۆکی حکوومەتی ویفاقی نیشتیمانی لیبیا تووڕە و بێزارە .

پێگەکە لە " زە ئەرەب ویکلیی"یەوە گواستوویەتییەوە کە چاودێران وایبۆدەچن تووڕەیی ئەردۆغان لەو بڕیارەی سەرراج بۆ رەهەندە سیاسییەکەی بڕیارە و گرنگییە ئابوورییەکەی دەگەڕێتەوە نەوەک لایەنە سەربازییەکەی بەوپێیەی تورکیا پەیوەندی راستەوخۆی بە زۆربەی گرووپە چەکدارییە شەڕکەرەکانی ئەو وڵاتەوە هەیە و زۆربەیان گوێرایەڵی فەتحی پاشای وەزیری ناوخن کە لایەنگری تورکیایە .

ئەردۆغان لەبارەی هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی سەرراج رایگەیاندووە " پێشهاتی لەو جۆرە بیستنی ئەوها هەواڵێک بێزارمان دەکات "، ئاماژەشی بۆ ئەوە کردووە کە هەفتەی داهاتوو شاندێکی تورکی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو پرسە سەردانی لیبیا دەکات .

هەروەک ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێکی تورکییەوە گواستوویەتییەوە کە راگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەی سەرراج بەلای ئەوانەوە سوپرایز بووە و چاوەڕێی وەها هەواڵێک نەبوون، جەختیشی کردۆتەوە کە تورکیا پێیباشە سەرراج لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە ، لەبەرئەوەی لەژێر سایەی ئەودا لیبیا بەیەکگرتوویی دەمێنێتەوە .

ئەو بەرپرسە تورکییە روونیکرۆدتەوە کە گرنگی مانەوەی سەرراج بەلای تورکیا خۆی لە پاراستنی ئەو رێکەوتنە ئابووریانەدا دەبینێتەوە کە لەگەڵیدا واژۆ کراون و هێشتا جێبەجێ نەکراون .

وەرگێران : ئاکۆ ئاڵی