سوپرایزێکی زانستی سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا

تەندروستی

21/09/2020‌ 880 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەگوێرەی رۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی ژمارەیەک لێکۆڵینەوەی زانستی ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە  کە رەنگە نیوەی دانیشتووانی زەوی بەرگری سرووشتیان بەرانبەر بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ ناسراو بە کۆڤید-١٩ هەبێت .

رۆژنامەکە روونیکردۆتەوە کە ئەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر سامپڵی کەسانی خۆبەخش لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کراون دەرکەوتووە کە نیوەیان خاوەنی خانە تائییە بەرگرییەکان بوون " T-cells" ، کە پەرچەکرداری دژ بە ڤایرۆسی کۆڕۆنایان پیشانداوە کە ئەمەش ئاماژەیە بۆئەوەی ئەو کەسە خۆبەخشانە خاوەنی بەرگری سرووشتی دژ بە ڤایرۆسەکە بن.

لەوبارەیەوە دوکتۆر پیتەر دۆشی بابەتێکی لە گۆڤاری پزیشکی بەریتانیدا بڵاوکردۆتەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە رەنگە هەندێک کەس جۆرێک لە بەرگری سرووشتیان بەرانبەر بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا هەبێت .

پسپۆڕان پێیان وایە رەنگە هەندێک کەس بەهۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی تری سەر بە خێزانی کۆڕۆنا بەرگریان دژ بەو ڤایرۆسە درووستکردبێت ، کە بەهۆی لێکچوونیانەوە خانە تاییەکان دەتوانن مامەڵە لەگەڵ جۆرە نوێکەی ڤایرۆسی کۆڕۆنادا بکەن .

وەرگێڕان : ئاکۆ ئاڵی