شارپرێس:
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاوه‌ڕێی هاتنی پاره‌كه‌ی به‌غدایه بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و سه‌رچاوه‌یه‌كیش میكانیزمی دابه‌شكردنی موچه‌ی ئه‌م مانگه و مانگه‌كانی داهاتوو ئاشكراده‌كات.
به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی شارپرێس له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌وه‌زاره‌تی دارایی ده‌ستیكه‌وتووه، حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌وێت دابه‌شكردنی موچه‌ی له 60 ڕۆژ جارێكه‌وه بكاته 50 ڕۆژ جارێك و له‌ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا ته‌واوی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به لێبڕینی 21% دابه‌شبكات.
سه‌رچاوه‌كه‌ی شارپرێس وتیشی، له‌پاش دابه‌شكردنی موچه‌ی ئه‌م مانگه، حكومه‌ت تا كۆتایی ئه‌مساڵ فریای دابه‌شكردنی یه‌ك موچه‌ی دیكه ده‌كه‌وێت به هه‌مان میكانیزمی لێبڕینی 21% و پاشان له ساڵی نوێ‌دا حكومه‌ت لێبڕینی موچه هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا ده‌یه‌وێت یاسای چاكسازیی له ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران بخاته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه كه ئێستا به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قه‌یرانی دارایی كاركردن به‌و بڕگه‌یه‌ی یاسای چاكسازیی ڕاگیراوه.
به‌راورد به مانگه‌كانی پێشوو ئێستا جموجوڵ كه‌وتوه‌ته‌وه نێو داهاتی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام سه‌رچاوه‌كه‌ی شارپرێس بێئاگایی خۆی له‌داهاتی ئه‌م مانگه‌ی ناوخۆی هه‌رێم ده‌ربڕی و وتی، "تا ئێستا جگه له‌وه‌زیری دارایی و سه‌رۆكی حكومه‌ت و هه‌ندێك به‌رپرسی دیكه، كه‌س نازانێت داهاتی ناوخۆ بۆ ئه‌م مانگه چه‌نده".
ڕ . ج