پسپۆڕێک کۆمەڵێک زانیاری پێشووتر لەبارەی دابەزاندنی کێش بەدرۆدەخاتەوە

تەندروستی

22/09/2020‌ 537 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

ئەلبینا کۆمیسارۆڤای پسپۆڕی خۆراک و کوێرە ڕژێنەکان لەرووسیا ، ژمارەیەک ئەفسانەی باوی لەبارەی خواردنی تەندرووست و دابەزاندنی کێشی مرۆڤەوە هەڵوەشاندۆتەوە. 

ئەو پسپۆرە ڕووسییە دەڵێت ئاساییە دەستبەرداری نانی بەیانی ببین ، لەبەرئەوەی زانست رایەکی روونی لەسەر ئەوە نییە ، بەشێوەیەک هەندێک لێکۆڵینەوە دەڵێن نەخواردنی نانی بەیانی دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەگەری قەڵەوبوون ، هەندێکی تر دەڵێن ئەگەر نانی بەیانی نەخورێت ئەوە مرۆڤ کێشی جەستەی دادەبەزێت . 

لەبەرئەوە کۆمیسارۆڤا دەڵێت پێویست ناکات مرۆڤ زۆری لەخۆی بکات بۆئەوەی نانی بەیانی نەخوات ئەگەر بێت و لەسەر ئەوە رانەهاتبێت ، لەبەرئەوەی دواجار دەبێت ژەمێکی زیاتر بخوات، کە ئەمەش بەکاربردنی بڕە کالۆرییەکی زیاتر دەگەیەنێت . 

جگە لەوە ئەو پسپۆڕە دەڵێت دەکرێت لەشەواندا کاربۆهیدرایت بخورێت ، لەبەرئەوەی مرۆڤ لەهەرکاتێکدا خواردن بخوات ئەوە جەستەی بەکاریدەبات ، هەروەک چۆن هیچ پێویست نییە مرۆڤ رۆژانە دوو لیتر یاو بخواتەوە ، لەبەرئەوەی هیچ پێوەرێک بۆ خواردنەوەی ئاو نییە ، بەڵام پێوەر بۆ بەکاربردنی شلە بەگشتیی هەیە . 

ئەو دەڵێت دەبێت ئەو بڕەی دەخورێت بەهەند وەربگیرێت نەوەک چەند ژەم دەخورێت ، لەبەرئەوەی ژمارەی ژەمەکان کار ناکاتە سەر کێشی جەستە . 

کۆمیسارۆڤا پێیوایە پێویست ناکات مرۆڤ پەیرەوی سیستەمێکی تایبەت بە دابەزاندنی کێش بکات ، هەربۆنموونە خواردنەوەی کوپێک ئاو لەگەڵ لیمۆ و کەوچکێک ڕۆنی تۆو کەتا و هەنگوین و خواردنی تەواوکارییە خۆراکییەکان پێش و دوای راهێنانە وەرزشییەکان ، هەموو ئەوانە هیچ کاریگەرییەکیان نییە بەراورد بە خواردنی تەندرووست و کردنی راهێنانی وەرزشی . 

لەماوەی پێشووتردا کۆمیسارۆڤا رەتیکردبۆوە نەخواردنی پەتاتە و ماکەڕۆنی و پەنیرو برنج و هێلکە هیچ پەیوەندی بە دابەزاندنی کێشەوە هەبێت .

وەرگێران : ئاکۆ ئاڵی