فڕۆکەی ئایندەی کۆمپانیای ئێرباس دۆستى ژینگه‌ ده‌بێت

هەمەڕەنگ

23/09/2020‌ 455 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمپانیای ئێرباسی ئەوروپی بۆ پیشەسازی فڕۆکە، پلانی خۆی بۆ درووستکردنی یەکەم فڕۆکەی بازرگانی  ئاشکراکردووە کە فڕۆکەیەکی دۆستی ژینگە دەبێت و هیچ جۆرە دەردانێکی غازی نابێت، بەوپێیەی بەسووتەمەنی هایدرۆجینی کاردەکات.

فڕۆکەکە کە ناوی "زیڕۆ"ی لێنراوە،  سێ نموونەی دەبێت کە پشت بەسیستەمی ئایرۆداینامیکی دەبەستێت، لەسەر ئەو بنەمایەش دەتوانێت بێ دەردانی هیچ جۆرە گازێکی زیانبەخش گەشتی ئاسمانی بکات، بڕیاریشە یەکەم گەشتی لەساڵی ٢٠٣٥ ئەنجامبدات.

بەگوێرەی رۆژنامەی "زە سەن"ی بەریتانی، گیوم فوری بەڕێوەبەری جێبەجێکردنی کۆمپانیای ئێرباس راگەیاندووە، ئاشکراکردنی ئەو جۆرە فڕۆکەیە ساتێکی مێژووییە لەجیهانی فڕۆکەوانی بازرگانیدا.

هەروەک جەختیکردۆتەوە، پشتبەستنی فڕۆکەکە بەسووتەمەنی هایدرۆجینی رۆڵی دەبێت لەچارەسەرکردنی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوای جیهان.

هەروەک بەگوێرەی کۆمپانیای ئێرباس، فڕۆکەی "زیڕۆ"، توانای ئەوەی دەبێت بە ٢٠٠ سەرنشینەوە تا دوو هەزار میل گەشت بکات، ئەویش بەهۆی بوونی بزوێنەرێکی تۆڕبینی کە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، پشت بەسووتەمەنی هایدرۆجینی دەبەستێت.

وەرگێڕان: ئاکۆ ئاڵی