بەرزە فڕیەکانى ئیسرائیل لەبوارى وزەدا ئاڵۆزیەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست زیاتر دەکات

جیهان

23/09/2020‌ 1154 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەو ناونیشانەى سەرەوە، گۆڤارى "ئیکسپرت ئۆنلاین" راپۆرتێکى بڵاوکردۆتەوە دەربارەى نزیکبونەوەى بەکارخستنى هیڵى نەوتى (ئیلات-عەسقەلان) بۆ گواستنەوەى نەوتى کەنداو، لەم پرۆسەیشدا زەرەرمەندى یەکەم وڵاتى تورکیا دەبێت.

لەراپۆرتەکەدا هاتوە:"ململانێ لەرۆژهەڵاتى دەریاى ناوەڕاستدا، لەململانێى نێوان تورکیاو یۆنانەوە سەردەکێشێ بۆ ململانێى نێوان تورکیاو کۆسیستەمى مەلەکى لەکەنداوى عەرەبى، لەم ئاڵۆزیەى ئێستاشدا، ئیسرائیل رۆڵێکى گرنک دەبینێ لەمیانى بەرزەفڕیەکانیدا بۆ ئەوەى ببێتە ناوەندێک بۆ گواستنەوەى وزە لەناوچەکەدا". 

ململانێى ئایدۆلۆژى نێوان تورکیاو کۆسیستەمى مەلەکى کەنداوى دەوڵەمەند لەبەهارى عەرەبیەوە دەستى پێکرد، ئەم ململانێیەش خزمەتى ئیسرائیل دەکات، هاوکارە لەبەهێزکردنى پەیوەندیەکانى تەلئەبیب لەگەڵ ئەوروپاو دراوسێ عەرەبەکانیدا. 

دیارە ئاسایىکردنەوەى پەیوەندیەکانى نێوان تەلئەبیب و ئیمارات و بەحرەین، دەکرێ پێکهێنانى هاوپەیمانى دژە تورکیا تەواوبکات و سروشتى ژیانى سیاسى لەناوچەکەداو لەدەیەکانى داهاتود، دیارىبکات. 

دەبێ ئاماژە بۆ ئەوەشبکرێت کە ئیسرائیل هاوپەیمانێتى دژى تورکیا پێکنەهێناوە، بەڵکو تەنها چۆتە ئەو هاوپەیمانێتیەى لەفەرەنساو یۆنان و قوبرس و میسرو ئیمارات پێکهاتوە، سەرەڕاى بەهێزکردنى ئاسایش لەناوچەکەدا، ئەم وڵاتانە هەوڵدەدەن پەیوەندیە سیاسى و ئابوریەکانى نێوانیان پەرە پێبدەن، ئیسرائیل و یۆنان و قوبرس بەهەمانشێوە کار لەسەر هیڵى غازى ئێست مید دەکات، کە بەکاربەرە ئەوروپیەکان دەبەستێتەوە بەبیرە غازەکانى رۆژهەڵاتى دەریاى ناوەڕاست.

ئێستا، هاوپەیمانێتى دژە تورکیا دەیەوێ دووبارە هێڵى بیرە نەوتیەکانى (ئیلات-عەسقەلان) بکاتەوە، ئەمەش بەشداردەبێت لەبەدەستهێنانى ئاسایشى وزەى کڕیارە ئەوروپیەکان‌و بەرژەوەندیە ستراتیژیەکانى ئیسرائیل، گواستنەوەى نەوتى کەنداو لەرێگەى ئەوروپاوە دەبێتە لاوازکردنى تواناى تورکیاو وادەکات نەبێتە ناوەندێک بۆ وزە.

بەمشێوەیە، لەگەڵ بەرگرى تورکیاو وردەکاریە سیاسیەکانى تر، پشتیوانى حکومەتى ئیسرائیل‌و دۆخى جیۆسیاسى لەناوچەکەو ژێرخانى ئێستا، هەموو ئەمانە لەداهاتویەکى نزیکدا، دەبێتە مایەى کارپێکردنى هێڵى (ئیلات-عەسقەلان)و گواستنەوەى نەوت بۆ ئەوروپا، ئەمەش ئاڵۆزیەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست زیاتر دەکات.

وەرگێڕان: حیلمى رەسوڵ رەزا