سەرۆک کۆمارى عێراق داواى پاڵپشتى نێودەوڵەتى دەکات بۆ گەڕاندنەوەی پارەکانى عێراق

عیراق

23/09/2020‌ 1101 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆک کۆمارى عێراق داواى  پاڵپشتى نێودەوڵەتى دەکات بۆ گەڕاندنەوەی پارەکانى عێراق و راشیدەگەیەنێت،عێراق بەهۆی كاریگەرییەكانی ئافاتی گەندەڵییەوە هەست بە بێزاری و نیگەرانیەکی زۆر دەكەن.

به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق لەمیانى پێشکەشکردنى وتارێک لە كۆبوونەوەی ساڵانەی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگه‌یاند"هەر كەمتەرخەمییەك لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هەر دەستدرێژییەك بۆ  سەروەری نیشتمانیمان، دەشێ ببنە بەربەست و ئاستەنگ لە بەردەم كۆششەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەویدا".

بەرهەم ساڵح وتیشى"لەم سۆنگەیەشەوە هیوامان بە پاڵپشتی دۆستەكانمانە لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوەکو هاوكار و هەماهەنگمان بن لە سۆراغكردنی ئەو پارانەی بە قاچاخ براونەتە دەرەوەی وڵات، هەروەها ئاشكراكردنی ناوی ئەو گەندەڵكارانەی بەو كارە قێزەوونە هەستاون و  کۆمه‌کی گروپە لە یاسادەرچووەكان و توندڕەوەكانیشی پێ دەكەن".

سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە، گەندەڵی دەرد و ئافاتێكە و زۆرێك لە وڵاتان بەدەستییەوە دەناڵێنن، ئەو دەردە كوشندە نەیهێشتووە گەلی عێراق لە خێروبێری وڵاتەكەیان سودمه‌ند بن بەڵکو بۆ دەیەها ساڵیشە عێراقی كردووەتە وێرانە، دوپاتیکردەوە کە گەلی عێراق بەهۆی كاریگەرییەكانی ئەو ئافاتەوە، هەست بە بێزاری و نیگەرانیەکی زۆر دەكەن.

هەروەها سەرۆک کۆمار ئەوەشى بەبیر هێنایەوە کە ساڵی پار لە مینبەری كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەسەر هەمان شێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر، داوای پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتیم كرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گێڕانەوەی پارە بەتاڵان براوەكان.

س.هـ