كازمی وه‌ڵامی پێشنیازه‌كانی موقتەدا سەدر ده‌داته‌وه‌

عیراق

25/09/2020‌ 1816 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سه‌رۆكی وه‌زیرانی عێراق وه‌ڵامی پێشنیازه‌كانی موقتەدا سەدر دایه‌وه‌ و رایگه‌یاند، ‌پێشوازی له‌ داوای رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در ده‌كات بۆ پێکهێنانی لێژنەیەکی ئەمنی و سەربازی و پەرلەمانی بۆ لێکۆڵینەوە لەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر بە ئاسایش و ناوبانگ و پابەندبوونە نێودەوڵەتیەکانی عێراق دەکرێت.

موقتەدا سەدر رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در ئەمڕۆ هەینی لە تویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكرده‌وه‌: "پێویستە لیژنەیەكی ئەمنی، سەربازی و پەرلەمانی بۆ لێكۆڵینەوە لەو پێشێلكارییە ئەمنییەكانی عێراق و هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتان و دامەزراوە دەوڵەتییەكانی عێراق پێكبهێنرێت".

مسته‌فا كازمی سه‌رۆكی وه‌زیرانی عێراق له‌ رێگه‌ی تویته‌وه‌ وه‌ڵامی سه‌دری دایه‌وه‌ و نوسیوویه‌تی: "ئێمە پشتیوانی لەو پێشنیارانە دەکەین کە بەڕێز موقتەدا سەدر دایناوە بۆ پێکهێنانی لێژنەیەکی ئەمنی و سەربازی و پەرلەمانی، بۆ لێکۆڵینەوە لەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر بە ئاسایش و ناوبانگ و پابەندبوونە نێودەوڵەتیەکانی عێراق دەکرێت".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: "جەخت لەوە دەکەین کە دەستی یاسا لە سەرووی دەستی کەسانی دەرەکییە، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ چه‌ك به‌ده‌ست و یاخیبوون هیچ شوێنێکیان لە عێراقدا نییە".

سەدر لە پەیامەكەیدا ده‌ڵێت: ئەم جۆرە پێشێلكارییە ئەمنیانە زیان بە ئێستا و ئایندەی عێراق دەگەیەنێت و هەڕەشەش دەبێت بۆ سەر سەروەری خاكی وڵات، پێشیوایە كە هێرشی سەر باڵیۆزخانەی وڵاتان هەڕەشەیەكی راستەوخۆیە بۆ سەر ژیان و چارەنوسی خەڵكی عێراق، بۆیە پێویستە بەخێرایی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكبهێنرێت.
ه.م