دەرباز محەمەد: نەوەیەکی تر باشتر تێدەگات دەوڵەتی ھەبوە و بەھۆی ئەم ریفراندۆمەوە لەدەستیداوە

کوردستان

25/09/2020‌ 917 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئه‌ندامێكی خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان رایگه‌یاند، وەکچۆن ریفراندۆم کاتی نەبوو، ئامادەباشی نەکرابوو، ھەڵوێستی نێودەوڵەتی لەگەڵ نەبوو، ورەو ئامادەسازی ھێزی پێشمەرگە نەبوو، ھەرواش ئامادەیی ھاوڵاتی نەبوو.

له‌ وتارێكدا له‌ سێیه‌مین ساڵیادی ریفراندۆم، دەرباز محەمەد ئه‌ندامى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان نووسیویه‌تی: "ئێوارەی رۆژی پێش ریفراندۆم بەناو شاری سلێمانی دەسوڕامەوە، ھەستم دەکرد ئەم شارە چاوەڕوانی ماتەمێکی قورسە، خەمێکی قووڵ روخساری خەڵکەکەی داگرتبو،  ھەرگیز لەوە نەدەچو سبەی ئاھەنگی سەربەخۆیی بێ، ھێندەی لەوە دەچو سبەی کۆستێکی گەورەیە وخوا خراپتر نەدا".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: "وەکچۆن ریفراندۆم کاتی نەبوو، ئامادەباشی نەکرابوو، ھەڵوێستی نێو دەوڵەتی لەگەڵ نەبوو، ورەو ئامادەسازی ھێزی پێشمەرگە نەبو، ھەرواش ئامادەیی ھاوڵاتی نەبوو، لەھەمان کاتدا 16ی ئۆکتۆبەر نیشانی دا، شتێک نیە بەناوی خەمی نەتەوەیی، یەکێتی نەتەوەیی، ھەر کەس ولایەنە بۆ خۆی، لەپێناوی خۆی، رێکدەکەوێ و تەنانەت دۆستە نزیکەکانیشی، جەنگاوەرە شەڕکەرەکانیشی ئاگادار ناکاتەوە فریای ژیانی خۆیان بکەون". 

دەرباز محەمەد ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو: "ئێستا قسەکردن لەسەر ریفراندۆم لە سیاقە ئەکادیمی و سیاسیەکەی کارێکی ئاسان نیە، ئاسانیش نابێ، مەگەر نەوەیەکی تر لەم روداوە باشتر تێبگا، پاش ئەوەی لەبری راگەیاندنی دەوڵەت، تێدەگا دەوڵەتی ھەبوە و بەھۆی ئەم ریفراندۆمەوە لەدەستیداوە".

نوسیوشییه‌تی: "لە گۆشەنیگای ریفراندۆم کارتی سەربەخۆییە، ھەر کاتێک بێ دەبێ ئەم کارتە بەکار بێ. راستیەکەی وھەر لەم راستیە زیاتریش ھیچ راستیەکی تر نیە، ھاوکێشەی بونی دەوڵەت بۆ کورد ھیچکات کێشەی ئەوەی نەبوە لێی بپرسی دەوڵەتت دەوێ یان نا؟! بەڵکو دەوڵەت بۆ کورد بەشەڕ دروست دەبێ وبەخوێن ئاودەدرێ، تەنانەت ئەگەر ھاوکێشە نێودەوڵەتیەکەش تەواو پشتیوان بێ".

ده‌رباز محه‌مه‌د ده‌شڵێت: "کێشەی گەورەی ئێمە ئەوەیە، خوێندنەوەکان بۆ ریفراندۆم حزبیانەیە، بنەماڵەییانەیە، بەسۆزەوەیە، دابەشبونێک دروستکراوە ، دابەشبونی شەیتان و رەحمان، نیشتیمان دۆست و خائین، ئەگەر لەگەڵ نیت، یان نەبوی، ئیتر پیاوی بێگانەی، ئەگەریش لەگەڵی لەتۆ دڵسۆزتر نیە. باشە ئەگەر لێم دەپرسی، ئیتر بۆ راکەم بە خیانەت دەزانی، یان لێم مەپرسە وپەنا بەخوا رایبگەیەنە".