نێچیرڤان بارزانی: ئامادەین هاوکاریی عێراق بکەین بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری

کوردستان

25/09/2020‌ 645 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، نیگەرانن لە هێرش و هەڕەشەی ئەم دواییەی سەر شاندە دیپلۆماسییەکان و بنکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئامادەن هاوکاریی عێراق بکەن بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری. 

نێچیرڤان بارزانی لە تویتێکدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاویكرده‌وه‌: "پاڵپشتیی هەوڵی سەرکردە عێراقییەکان دەکەن بۆ رێگریکردن لەو هێرشانە. ئامادەی هاوکارین بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاسایش و سەقامگیریی لە وڵاتدا". 
 
بارزانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: نیگەرانن لە هێرش و هەڕەشەی ئەم دواییەی سەر شاندە دیپلۆماسییەکان و بنکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئامادەشن هاوکاریی عێراق بکەن بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری. 

موقتەدا سەدر رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در ئەمڕۆ هەینی لە تویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكرده‌وه‌: "پێویستە لیژنەیەكی ئەمنی، سەربازی و پەرلەمانی بۆ لێكۆڵینەوە لەو پێشێلكارییە ئەمنییەكانی عێراق و هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتان و دامەزراوە دەوڵەتییەكانی عێراق پێكبهێنرێت".

دواتر مسته‌فا كازمی سه‌رۆكی وه‌زیرانی عێراق له‌ رێگه‌ی تویته‌وه‌ وه‌ڵامی سه‌دری دایه‌وه‌ و نوسیوویه‌تی: "ئێمە پشتیوانی لەو پێشنیارانە دەکەین کە بەڕێز موقتەدا سەدر دایناوە بۆ پێکهێنانی لێژنەیەکی ئەمنی و سەربازی و پەرلەمانی، بۆ لێکۆڵینەوە لەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر بە ئاسایش و ناوبانگ و پابەندبوونە نێودەوڵەتیەکانی عێراق دەکرێت".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: "جەخت لەوە دەکەین کە دەستی یاسا لە سەرووی دەستی کەسانی دەرەکییە، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ چه‌ك به‌ده‌ست و یاخیبوون هیچ شوێنێکیان لە عێراقدا نییە".

سەدر لە پەیامەكەیدا ده‌ڵێت: ئەم جۆرە پێشێلكارییە ئەمنیانە زیان بە ئێستا و ئایندەی عێراق دەگەیەنێت و هەڕەشەش دەبێت بۆ سەر سەروەری خاكی وڵات، پێشیوایە كە هێرشی سەر باڵیۆزخانەی وڵاتان هەڕەشەیەكی راستەوخۆیە بۆ سەر ژیان و چارەنوسی خەڵكی عێراق، بۆیە پێویستە بەخێرایی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكبهێنرێت.

بەپەلە