شارپرێس:
ئەلێکسی سۆرۆکین ئەندامی لیژنەی جێبەجێکردنی یەکێتی رابیتە ئەروپاییەکانی تۆپی پێو بەڕێوەبەری گشتیی لیژنەی ڕێکخستنی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا لە سانپترسبۆرگ ٢٠٢٠ رایگەیاندووە کە هیچ گۆڕانکارییەک لە خشتەی یارییەکانی پاڵەوانێتیەکەدا روونادات و هەموو شارەکان خۆیان بۆ ئەو رووداوە وەرزشییە گەورەیە ئامادە دەکەن .
سۆرۆکین بە ئاژانسی سپۆتنیکی وتووە " بەدڵنیایی ژمارەی ئامادەبووانی یارییەکان کەمببێتەوە ، بەڵام هیچ کەسێک نازانێت هاوینی داهاتوو دۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەجیهاندا چۆن دەبێت ".
روونیشی کردۆتەوە کە هەموو شارەکان خۆیان بۆ جامی نەتەوەکانی ئەوروپا ئامادە دەکەن و هیچ شارێک نییە ئەوە رەتبکاتەوە ، بڕیاریشە پاڵەوانێتییەکە لە هاینی داهاتوودا بەڕێوەبچێت .
پێشتر وابڕیاربوو پالەوانێتییەکە لەنێوان ١٢ی حوزەیران بۆ ١٢ی تەمووزی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ١٧ی ئایاری ٢٠٢٠ ، یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا بریاریدا کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکان بۆ ساڵی داهاتوو دوابخرێت.
پاڵەوانێتی "یۆرۆ٢٠٢٠" لە نێوان ١١ی حوزەیران بۆ ١١ی تەمووز لە ١٢ شاری ئەوروپا بەڕێوەدەچێت، لەوانە سان پترسبۆرگی رووسیا .
ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی