مەلا بەختیار بەنوسینی کتێبەکەی زەنگی جیابوونەوەیەکى ترى لەیەکێتى راگەیاند

کوردستان

26/09/2020‌ 4685 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەلا بەختیار ئەندامى ئەنجومەنى باڵاى بەرژەوەندى و سیاسى یەکێتى بە بڵاوکردنەوەى کتێبی"لەبرى بیرەوەر" گۆمی سیاسى هەرێمى کوردستان و رووداوە مێژووییەکانى سەردەمى خەباتى شڵەقاند، بەشێک لەناوەڕۆکى ئەو کتێبە تەرخان کراوە بۆ پرسى ئاڵاى شۆرش و راستکردنەوەى بۆچوونە هەڵەکان لەسەرى، بەڵام بۆخۆى کتێبەکە بۆنى جیابوونەوەیەکى ترى لێدێت بەڵام ئەمجار جیابوونەوە لەبەشێکى گرنگى فکرو سیاسەتى رابردووى حزبەکەى.

کتێبێک لەبری بیرەوەری؟
ناوەڕاستى ئەم مانگە مەلا بەختیار کتێبی "لەبرى بیرەوەری" بڵاوکردەوە، هەر زوو ئەو کتێبەکە نیگەرانى و ناڕەزایەتى زۆر لەلایەن هاوسەنگەرەکانى و هاوڕێ مێژوویەکانى لێکەوتەوە، هەرچەندە ئەوان بە نووسین کەمترین بەشداریان کرد، بەڵام بەهۆى باسکردنى هەڵوێست و سیاسەتى توندرەوى نەوشیروان مستەفاوە بەزوویى  بزوتنەوەى گۆڕانى هێنایە سەر خەت ئاراستەى گفتوگۆکان لەجەدەلێکى مێژووییەوە گۆردرا بۆ کێبەرکێى سیاسى بەکارهێنانى زمانى زبر.

مەلابەختیار مەبەستى بوو لەنووسینەوەى کتێبەکەى ئەو دیوە باس بکات کە لەباسکردنى مێژووى یەکێتى و نوسینەوەى بیرەوەری هاوسەنگەرەکانى کەمتر باس کرابوون، بەڵام بەهۆى ئەوەى کە نووسەر خۆى لەنزیکەوە لەناو رووداوەکان بووە و تارادەیەکیش بەشێکى زۆرى کێشەکانى ئاڵاى شۆرش بەرەورووى ئەو بووەتەوە، بەتایبەت پرسى جیابوونەوەى ئاڵاى شۆرش کەئەو لە زۆربەیان زیاتر ئاگادارى ئەو رووداوانە بووە کەهەر لەسەرەتاى شۆرشەوە تا ناوەراستى هەشتاکانى سەدەى رابردوو بەکێشەو ململانێ لەناو یەکێتیدا بوونى هەبووە.

کاردانەوەکان چی بوون؟
 ئەو پێشمەرگەو فەرماندانەى کە بەشداربوون لە دەستگیرکردنى مەلا بەختیار لەسەردەمى ئاڵای شۆڕش و لێپرسینەوەی لەزینداندا بە گێڕانەوەى رووداوەکان بە زارەکى وەڵامیان دایەوە، نەیتوانى هەڵسەنگاندنێکى دروست بێت بۆ وەڵام و بۆچوونەکانى مەلابەختیار، هەرچى بەرپرسانى گۆڕانیشە لە ئاستى جیادا وەڵامى کتێبەکەیان دایەو باس لەوەش دەکەن کەبریارە لەداهاتوودا بە نوسین و بڵاوکراوەو چەندین کتێب وەڵامى  کتێبەکەى مەلا بەختیار بدەنەوە.

جگە لە بزووتنەوەى گۆران و ئەندامانى یەکێتى، هاوکات لەسەر ئاستى ئەندام و کادرانى لایەنەکانى تر و رۆژنامەنوسان و رۆشنبیران و پیشمەرگە دێرینەکانیش چەندین پۆست و نوسینى لەسەر بڵاوکرایەوەو بەشێک پشتیوانیان لە نەوشیروان مستەفا کردو بەشێکیشیان بەرگریان لە بۆچون و هەڵوێستەکانى مەلا بەختیار کرد.

بەشێکى زۆر لە رەخنەگران بەدەر لە ناوەرۆکى نووسینەکە قسەیان لەسەر کاتى بڵاوکردنەوەکە کرد، هەندێکى تریش کتێبەکەیان وەک پەرچە کردار لەدۆخى حزبى نووسەر بینى، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو سەرنجانەش، بایەخى نووسینى کتێبەکە تارادەیەکى زۆر وەک بەشێک لە رووداوەکانى خەباتى شاخ و یەکێتى بەگرنگییەوە سەیرکرا.

لەراستیدا ئەوەى کە دەبوو زۆرترین قسەى جدى لەسەر کتێبەکە هەبوایە، ئەوە یەکێتى بوو، بەرپرسە باڵاکانى ئەو حزبەو سەرکردە دێرینەکانى بوو، بەڵام بەپێچەوانەوە لەسەر ئاستى یەکێتى هیچ سەرکردەیەک و بەتایبەت بنەماڵەى خودى تاڵەبانى هیچ وەڵامێکیان نەبوو، هەرچەندە وەک مەلا بەختیار دەڵێت: میدیاکانی یەکێتى ئامادەییان نەبووە میواندارى بکەن بۆ قسەکردن لەسەر کتێبەکە، بەڵام بەدیوەکەى تریشدا خۆیان بەدور گرت لەوەڵامدانەوە.

بۆچوونی مەلا بەختیار لەسەر کاردانەوەکان؟
مەلا بەختیار لەکتێبەکەیدا دەڵێت" چۆن لە شاخدا پاداشتى هەڵوێست پیلنیۆمى تیرباران بوو، ئێستاش لەشاردا پاداشتى دەستپاکى و لە هەڵوێستدا بێ باکى وپاداشتى تێگەیشتن لە هاوکێشەکان و ئەرکەکان، پاداشتى پاکردنەوەى خانەقین لە تەعریب،پاراستنى یەکێتى ناو یەکێتى و پاداشتى تەکەتولنەکردن لەناو هەموو تەکەتولەکاندا پیلانگێڕان و دژایەتى دوور لە رەوشتى  حزبایەتى".

لەراستیدا کتێبەکەى مەلا بەختیار تەنها گێرانەوەى رووداوەکانى رابردوو نییە، هەڵوێستیشە لەسەر دۆخى سیاسى و رێکخراوەیى ئێستاو ئایندەى حزبەکەى، ئەو نایشارێتەوە کە ئێستاش ململانێکان بەردەوامە بەڵام شێوازەى گۆردراوە، ئاماژە بەوە دەکات، بە پارەو چەک بە ساییەى شکۆی یەکێتیدا مەدرەسەى پیلانگێڕان و ملشکاندن تازە بە تازە بۆتە نەریت لەناو یەکێتیدا. هەروەها هۆشداریش لە هەڵدێرانى زیاترى یەکێتى دەدات و رەخنەى توند لە سیاسەتى ئێستای سەرکردایەتی و دەسترۆیشتوانى حزبەکەى دەگرێت.

ئەگەرى جیابوونەوەیەکى تر لەناو یەکێتى
بەشێک لە چاودێرانى سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کەهەندێک لەجوڵەکانى مەلا بەختیار و چۆنیەتى باسکردن لە مێژووى یەکێتى بەوشێوەیە ئەوە دەردەخەن کە مەلا بەختیار زۆر بێ باکە لەهەڵوێستى حزبەکەى دەرهەق بەبۆچوونەکانى، چونکە رەخنەکانى ئێستاى مەلا بەختیارى بەتەمەن زۆر لەوکاتە زیاتر و قوڵترە کە لەسەردەمى ئاڵاى شۆرش مەلا بەختیارى لاوى نیگەران کردبوو تارادەى جیابوونەوە، بۆیە لەئێستادا تەنها نیگەرانى و رەخنەکان جیاواز نییە، بەڵکو لەهەمانکاتدا سەرکردەکانى ئێستاى یەکێتیش جیاوازن، نەمام جەلال رابەرە و نە نەوشیروان مستەفا لەژیاندا ماوە، تا مەلابەختیارى بەتەمەن و بەئەزموونى ٥٠ ساڵەى سیاسییەوە رازى بکەن، ئەو لەشاخ بەتەمەنى کەمتر لە سى ساڵیەوە رەخنەى لەهەڵوێستی ئەوان هەبوو، بۆیە ئەستمە بروا بەوە بکرێت بەتەمەنى ٦٥ ساڵیەوە رەزامەند بێت لەبەردەستى نەوەى دووەمى ئەوان سیاسەت بکات، هەر بۆیە گەر ئەگەرى جیابوونەوە ببێتە ئەگەرێکى بەهێز، ئەمجارە مەلابەختیار وەک سەردەمى شاخ داواى ئاراستەیەک ناکات لەناو یەکێتى و کۆمەڵە بمێنێتەوە، وەک ئەوەى کە ئەوسا بۆ دروستکردنى ئاڵاى شۆرش کردی، بۆیە ئەگەرى بەهێز ئەوەیە قسە لەدروستکردنەوەى کۆمەڵەى رەنجدەران بکاتەوە بە جیهانبینیەکى سەردەمیانەوە..

 هەندێکى  تر لایان وایە مەلابەختیار دواى نووسینى ئەم کتێبە بە هەردوو دیوى ئەرێنى و نەرێنى چاوەرێى هەڵویستى یەکێتى دەکات، چاوەرێ دەکات کەئاخۆ ئەم کتێبە دەبێتە هۆکارى ئەوەى ئەقڵمەندانى یەکێتى بیر لەچارەسەرێکى دۆخى حزبەکەیان بکەنەوە، و گۆرانکاری لەهەیکەلى حزبى و شێوازى بەرێوەبردنى حزبەکەیان بکەنەوە، یان تازە کار لەکار ترازاوەو هەمان سیناریۆى نەجمەدین کەریم بۆ ئەویش دووبارە دەبێتەوەو وەک خۆى لە گۆنگرەى رۆژنامەوانییەکە باسى لەوەکرد هەندێک داواى دەرکردنیان کردوە لە سلێمانى.

ماوەى دوو ساڵێکە مەلا بەختیار بەشێوەیەکى چالاک کەوتووەتە رەخنەگرتن لە ئەدای سیاسى حزبەکەی و سیستەمى حکومڕانى هەرێم، بەتایبەتیش لەدوای بەستنى کۆنگرەى چوارەمى یەکێتییەوە  رەخنەى توند ئاڕاستەى حزبەکەی دەکات و بە ئاشکرا رایگەیاندوە، لەناو کۆنگرەدا پیلان گێڕان هەبووەو رێگە بە دەربڕینى رەخنەو بۆچوون و تێبینى نەدراوە"، بەڵام پرسیارى گرنگ ئەوەیە، گەر یەکێتیش وەک حزب بێدەنگە هەڵبژێرێت، ئاخۆ مەلا بەختیار بەنووسنى ئەم کتێبە کۆڵدەدات، یان وەک ئەوەى خۆى لەچاوپێکەوتنەکەى رووداو باسى کرد، ئەمە لەسەدا بیستى راستییەکانەو بەنیازیشە بیرەوەرییەکانى بنوسێتەوە تا لەوێدا زیاتر تیشک بخاتە سەر ئەو پرسانەى خەباتى شاخ و رۆڵى سەرکردە دیارەکانى یەکێتى بە باش و خراپەوە ئاشکرا بکات کە تا ئێستا زۆربەى لەتاریکدا ماونەتەوە.

س.هـ

بەپەلە