شارپرێس:
هێڵه دیبلۆماتییه‌كان له عێراق به‌رده‌وام سه‌رقاڵن، به‌رپرسانی عێراق كۆبوونه‌وه‌ی به‌په‌له ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت به‌رله‌وه‌ی دۆخه‌كه له‌ده‌ست ده‌ربچێت، ڕێگه له‌خزانی عێراق به‌ره‌و دۆڵێكی تاریك بگرن، هه‌موو ئه‌وانه‌ش په‌یوه‌ندیی به‌هه‌ڕه‌شه‌كانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی ئه‌مریكاوه هه‌یه بۆ عێراق.
له عێراق چی ڕووده‌دات؟
پێده‌چێت جامی توڕه‌یی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر میلیشیا شیعه‌كانی عێراق له لێواری پڕبوون بێت و ته‌نیا جوڵه‌یه‌كی كه‌م، جامه‌كه بڕژێت و له‌گه‌ڵ خۆیدا كاره‌سات بۆ عێراقێك بهێنێت، كه به‌ده‌ست كۆرۆنا و گه‌نده‌ڵیی و ده‌ستوه‌ردانی عێراق و دابه‌زینی نرخی نه‌وت و ده‌یان كێشه‌ی دیكه‌وه ده‌ناڵێنێت.
میلیشیا شیعه‌كانی نزیك له ئێران یاخود سه‌ر به ئێران، به‌رده‌وامن له تاقیكردنه‌وه‌ی ئارامی و دانبه‌خۆداگرتنی ئه‌مریكا، به‌ڵام پێده‌چێت چیتر ئه‌مریكا توانای ئه‌وه‌ی نه‌مابێت ته‌نیا هۆشداریی بداته عێراق له‌وه‌ی جڵه‌وی میلیشیا شیعه‌كان بكات بۆئه‌وه‌ی هێرشی موشه‌كی نه‌كه‌نه سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق.
له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا میلیشیا شیعه‌كان 25 هێرشیانكردوه‌ته سه‌ر كاروانی هاوكارییه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، ئه‌وه جگه له‌به‌ئامانجگرتنی ناوچه‌ی سه‌وز كه باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكای تیادایه، هاوكات فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غداش چه‌ندین جار كراوه‌ته ئامانجی هێرشه موشه‌كییه‌كان.
هه‌ڕه‌شه‌كه‌ی ئه‌مریكا بۆ عێراق
به‌گوێره‌ی میدیای ئه‌مریكی، مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا په‌یامێكی نهێنی وڵاته‌كه‌ی به به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق گه‌یاندووه، كه تیایدا وتویه‌تی "بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له عێراق له‌به‌ر ده‌ستی سه‌رۆك تره‌مپدایه و ئاماده‌یه بۆ واژۆكردن، ئه‌گه‌ر ئه‌وه ڕوویدا و سه‌ربازه‌كانیشمان كشانه‌وه به‌و شێوه‌یه، ئه‌وا سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌هێرشه‌كانه‌وه تێوه‌گلاون له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه تۆڵه‌یان لێده‌كرێته‌وه".
ئێستا لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق له جدییه‌تی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌مریكا تێگه‌یشتوون، به‌و لایه‌نانه‌ش كه دژی ئه‌مریكان و خوازیارن له عێراق بكشێته‌وه.
موقته‌دا سه‌در، سه‌رۆكی ڕه‌وتی سه‌در له نوێترین په‌یامیدا له‌باره‌ی به‌ئامانجگرتنی باڵیۆزخانه و نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان له‌به‌غدا له‌ڕێگه‌ی موشه‌كه‌وه ده‌ڵێت "هه‌ندێك له‌میلیشیاكانی نێو حه‌شدی شه‌عبی ده‌یانه‌وێت عێراق لاواز بكه‌ن".
شه‌ڕه‌كه ده‌برێته نێو فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا
مسته‌فا كازمی، ئه‌و سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ی ئه‌مریكا هیوای پێیه‌تی جڵه‌وی میلیشیا شیعه‌كان بكات، پێده‌چێت نه‌توانێت به‌ده‌ستێكی پۆڵاینه‌وه دژی ئه‌و میلیشیایانه بوه‌ستێته‌وه، به‌ڵام له‌نوێترین بڕیاریدا كازمی فه‌رمانی كرد به داخستنی ژماره‌یه‌ك نوسینگه له نێو فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا، كه ئه‌و نوسینگانه سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی بوون.
هاوكات نوسینگه‌كانی ئاسایشی نیشتمانی، ده‌سته‌ی گشتی ده‌ستپاكی، ئه‌وه‌ش له دوای هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌مریكا دێت بۆ عێراق.
كێن ئه‌وانه‌ی ئه‌مریكا هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كات؟
مایك پۆمپیۆ به‌ڕوونی به عێراقی گوتووه، وڵاته‌كه‌ی كێشه‌ی له‌گه‌ڵ دوو لایه‌نی نێو حه‌شدی شه‌عبی هه‌یه ئه‌وانیش حزبوڵێی عێراقی و عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق-ه.
مانگی داهاتوو، مانگی ڕووداوه چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌كانه
دەیڤید ئیگناتیۆس، نوسه‌ر و شاره‌زا له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له وتارێكدا كه له ڕۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست-دا بڵاویكردوه‌ته‌وه ده‌ڵێت "داخستنی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له عێراق هه‌رچه‌نده ڕه‌نگه به‌سه‌ركه‌وتنی ئێران بشكێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مریكا دوای ئه‌و بڕیاره گورزی خۆی له میلیشیا شیعه‌كان ده‌دات".
دەیڤید ئیگناتیۆس باس له‌وه‌شده‌كات، دوو ئه‌گه‌ر هه‌یه بۆ ته‌قینه‌وه‌ی دۆخه‌كه، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه سه‌ربازانی ئه‌مریكا له‌لایه‌ن میلیشیا شیعه‌كانه‌وه بكرێنه ئامانج و بكوژرێن، ئه‌وه‌ش ڕاسته‌وخۆ ئه‌مریكا ده‌هێنێته ده‌نگ و تۆڵه ده‌كاته‌وه، دووه‌میان جڵه‌وكردنی ئه‌و میلیشیایانه‌یه له‌لایه‌ن كازمییه‌وه كه ئه‌وه‌ش ته‌قینه‌وه‌ی نێوخۆیی دروستده‌كات.
عامری و مالكی به‌نیازی چین؟
ڕۆژنامه‌ی "العرب" له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه ئاشكرایكردووه، هه‌ریه‌كه له نوری مالكی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا و هادی عامری، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح ده‌یانه‌وێت به دروستكردنی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ هۆزه عه‌ره‌به‌كانی باشووری عێراق، كار بۆ خستنی مسته‌فا كازمی بكه‌ن، به‌رله‌وه‌ی عێراق له‌هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته نزیكبكه‌وێته‌وه و ئه‌ستێره‌ی به‌ختی كازمی له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا بدره‌وشێته‌وه.
به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئه‌و دوو سه‌ركرده شیعه‌یه‌ی نزیك له ئێران هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه كارتێكی سوتاوه، چونكه ئێستا كورد و سوننه كۆده‌نگن له‌گه‌ڵ كازمی، هه‌رچی شیعه‌كانیشه له‌نێوخۆدا دابه‌ش بوون، بۆیه جوڵاندنی دۆسیه‌ی دورخستنه‌وه‌ی كازمی له‌په‌رله‌مانه‌وه، هه‌نگاوێكی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه شكستخواردووه.
به‌ڵام هه‌ر زوو نووسینگەی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، رەتیكردەوه هیچ جموجووڵێکی سەربازی هەبێت بۆ رووخانی حکومەتەکەی مستەفا کازمی.
حامد موسه‌وی، په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی فه‌تح پێیوایه "شیعه‌كانی عێراق ڕوبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره بوونه‌ته‌وه" ئه‌و ده‌شڵێت "به به‌رنامه كار بۆ لێدان له شیعه‌كان ده‌كرێت".
شیعه‌كانی نزیك له ئێران یارییه‌كی دیكه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ده‌كه‌ن
له‌جوڵه‌یه‌كی نوێی په‌رله‌مانیدا هه‌ریه‌كه له په‌رله‌مانتاره‌كانی هاوپه‌یمانی فه‌تح، سائیروون و ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌یانه‌وێت له‌په‌رله‌مانه‌وه دۆسیه‌یه‌كی هه‌ستیار به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا بجوڵێنن، ئه‌ویش كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و تاوانانه‌یه كه له 2003 وه تا ساڵی 2011 له عێراق روویانداوه و شیعه‌كان پێیانوایه "ئه‌مریكا تاوانباری ئه‌و ڕووداوانه‌یه".
ئه‌و لایه‌نه شیعانه ده‌یانه‌وێت كه‌یسه‌كه ببنه دادگای نێوده‌وڵه‌تی تاوانه‌كان و مه‌به‌ستیانه ئه‌مریكا جگه له‌داوای لێبووردن، قه‌ره‌بووی ئه‌و كه‌سانه‌ش بكاته‌وه كه له‌ڕووداوه‌كانی ئه‌و ساڵانه‌دا بوونه‌ته قوربانیی.
ئه‌و "تاوانانه‌ی" شیعه‌كان پێیانوایه ئه‌مریكای له‌پشته بریتین له "كوشتنی به‌كۆمه‌ڵ، بۆردوومانكردنی فه‌لوجه به‌چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو، كۆمه‌ڵكوژی ته‌له‌عفه‌ر، بۆردوومانكردنی قوتابخانه‌یه‌كی ئه‌بوغرێب".
ئێران په‌یامی خۆی به فوئاد حوسێن دا
فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئه‌مڕۆ شه‌ممه به‌سه‌ردانێك گه‌یشته ئێران، ئه‌جێندای سه‌ردانه‌كه‌ی تاوتوێكردنی دۆخی ئێستای عێراقه له‌دوای زیادبوونی هه‌ڕه‌شه‌ی میلیشیا شیعه‌كان.
حه‌سه‌ن ڕووحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ فوئاد حوسێن ڕایگه‌یاند، "مانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له عێراق، ئه‌فغانستان و كه‌نداو، زیان به ته‌واوی ناوچه‌كه ده‌گه‌یه‌نێت.
به‌گوێره‌ی وته‌ی حه‌سه‌ن ڕووحانی، كاركردن بۆ ده‌ركردنی ئه‌مریكا له عێراق ئه‌ركی سه‌رشانی ئێرانه.