لەکاتى ئامادەبوونى مەسرور بارزانى لە پەرلەمان رێگە بە پەرلەمانتاران نادرێت پرسیارى لێبکەن

کوردستان

27/09/2020‌ 1824 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی حکومەتی هەرێم داوای دانیشتنی تایبەتی پەرلەمانی کوردستان دەکات و بڕیارە لە دانیشتنەکەدا وتارێک لەبارەی چەند پرسێکەوە پێشکەشبکات، بەبێ ئەوەى پرسیارى تێدا بکرێت.

ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، لە سەر داوای مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی تایبەت رێکبخات کە تێیدا سەرۆکی حکومەت لە سەر جێبەجێکردنی كارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم و رێڕەوی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و شیکردنەوەی دۆخی دارایی و تەندروستی ئێستای هەرێمی کوردستان و لێکەوتەکانی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وتارێک پێشکەش دەکات.

سەرچاوەیەکیش لە پەرلەمانى کوردستان بەشارپرێسى راگەیاند، هاتنى سەرۆکى حکومەت بۆ پەرلەمان تەنیا بۆ پێشکەشکردنى وتارەو روونکردنەوەى چەندە پرسێکە، نەک ئەوەى پەرلەمانتاران پرسیار بکەن، دەشڵێت، سەرۆکى فراکسیۆنەکان ئاگادار کراونەتەوە لەوەى کە پەرلەمانتاران ناتوانن پرسیار لەبارەى هیچ پرسێکەوە بکەن.

سەبارەت بە پرساندنی سەرۆک وەزیران کە واژووی بۆ کراوەتەوە، ئەو سەرچاوەیە ئەوەى خستەڕوو ئەو هاتنەى مەسرور بارزانى کە خۆى دەستپێشخەرى کردوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو پرساندنەیەو دەیەوێت شکست بەو هەوڵە بهێنێت.

 بەپێی ماددەی ٦٦ لە بڕگەی دووەم لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستاندا سەرۆکوەزیران دەتوانێت داوای دانیشتنی پەرلەمان بکات بۆ ئەوەی روونکردنەوە لەسەر بابەتێک بدات و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانیش دەبێ لە ماوەیەکدا کە لە ١٤ رۆژ تێپەڕ نەکات ئەو دانیشتنە رێکبخات.

هەروەها سەرچاوەکەى شارپرێس ئەوەشى روونکردەوە، کە سەرۆکایەتى پەرلەمان فراکسیۆنەکانى ئاگادار کردوەتەوە لە هاتنى مەسرور بارزانى، بەڵام دانیشتنێکى بێ پرسیار دەبێت و تەنیا دۆخەکە روون دەکاتەوەو هیچی تر.

لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەک ئەندامى پەرلەمانى کوردستان ٢٣ واژۆیان کۆکردەوە بەمەبەستى پرساندنى سەرۆکى حکومەتى هەرێم، لەئێستاشدا تەنیا یەک واژوو ماوە بۆ ئەوەى مەسرور بارزانى بانگهێشتى پەرلەمان بکرێت.

س.هـ