رۆیتەرز: هەناردەی نەوتی ئێران دوو هێندە زیادی کردووە

جیهان

27/09/2020‌ 329 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس :
هەرچەندە لەدوای کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە رێکەوتننامەی ناوەکی لەگەڵ ئێران و دووبارە سەپاندنەوەی گەمارۆکان بەسەریدا، هەناردەی نەوتی ئێران بەشێوەیەکی گەورە دابەزی و ئەو وڵاتەی رووبەڕووی قەیرانێکی دارایی گەورە کردەوە، بەڵام بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز کە پشتی بە داتاکانی سێ کۆمپانیای تایبەتمەند بە بەدواداچوونی کەشتییە نەوتگوێزەرەوەکان کردووە لەمانگی ئەیلوولدا هەناردەی نەوتی ئێران دووقات بەرزبۆتەوە .

لەوبارەیەوە سەمیر مەدەنی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمپانیای "تانکەر تراکەرز"  بەئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە کە هەناردەی نەوتی ئێران بەردەوام ڕووی لە بەرزبوونەوەیە ، ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە بەپێی داتاکانی کۆمپانیاکەیان، هەناردەی نەوتی خاوی ئێرانی گەیشتۆتە ملیۆنێک و پێنجسەد هەزار بەرمیل رۆژانە ، کە ئەوە بەراورد بە ساڵ و نیوی رابردوو ئاستێکی بێپێشینەیە .

مەدەنی باسی لەوە کردووە کە لەمانگی ئەیلوولدا هەناردەی نەوتی ئێران دووقاتی مانگی ئاب بووە، هەرچەندە رۆیتەرز رونیکردۆتەوە کە ناتوانرێت لە راست و درووستی ژمارەکان دڵنیابینەوە، لەبەرئەوەی نیوەی نەوتی فرۆشراوی ئێران لەڕێگای دەریاوەیە بۆیە ناتوانرێت بەوردی برەکەی دیاری بکرێت .

هەروەک دوو کۆمپانیای تری بەدواداچوونی کەشتییە نەوت گوێزەرەوەکان کە لە راپۆرتەکەی رۆیتەرزدا ئاماژە بە ناوەکەیان نەکراوە جەختیان لە زیادبوونی هەناردەی نەوتی ئێران کردۆتەوە، بەڵام بەو قەبارەیە نا کە کۆمانیای تانکەر تراکەرز باسی کردووە، بەڵکو مەزەندەیان کردووە هەناردەی نەوتی ئێران لە مانگی ئەیلوولدا رۆژانە ١٠٠ هەزار بەرمیل زیادی کردبێت .

هەرچی وەزارەتی نەوتی ئێرانیشە لەبارەی قەبارەی نەوتی خاوی هەناردەکراوی وڵاتەکەیان، وەڵامی راپۆرتەکەی ئاژانسی رۆیتەرزی نەداوەتەوە و ئامادە نەبووە هیچ ژمایەیەک ئاشکرا بکات.

 

هەفتەی رابردووش، گێژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران ، لەدانیشتنی پەرلەمانی ئێراندا جەختی کردەوە کە لەهەوڵدان هەناردەی نەوتەکەیان بەرزبکەنەوە ، بەڵام لەهەمان کاتیشدا باسی لەوە کرد کە ئەو نەوتەی دەفرۆشرێت بەناوی ئێرانەوە نییە ، بەڵکو دەستاوێژەکانی هەناردەکردن و تایبەتمەندییەکانی بارکردنەکە چەندین جار دەگۆڕدرێت.

 

پسپۆرانی پیشەسازی نەوتیش دەڵێن هەرچەندە لەڕێگای مانگە دەستکردەکانەوە چاودێریکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان ئاسانە ، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو کەشتیانەی نەوتی ئێران باردەکەن ، ناوبەناو سیستەمی دیاریکردنی شوێن و سیستەمی پەیامی پەیوەندییەکان دەکوژێننەوە، کە ئەمە پڕۆسەی چاودێریکردن و بەدواداچوونیان قورس کردووە.