سوریا لەجیاتی S-300ی رووسی پشت بە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێرانی دەبەستێت

جیهان

27/09/2020‌ 416 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس : 
لەگەڵ ئەوەی چەند ڕێکەوتنێک لەنێوان سوریا و رووسیادا هەیە بۆ زیادکردنی بوونی سەربازی ئێران لەو وڵاتە، بەڵام دیمەشق هەر بەوە نەوەستاوە بەڵکو کار لەسەر ئەوە دەکات  لەجیاتی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-٣٠٠"ی رووسی بە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێرانی ببەستێت ، بەوپێیەی سیستەمە ڕووسییەکان لە بەرپەرچدانەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل سەرکەوتوو نەبوون .

لەوچواچێوەیەدا ئەبو فەزڵ سکراچی وتەبێژی سوپای ئێران لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە کە دەسەڵاتدارانی سوریا داوایان لە تاران کردووە لەبواری بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی هێرشەکانی ئیسرائیل یارمەتیان بدات .

باسی لەوەش کردووە کە تاران پسپۆڕی سەربازی رەوانەی یەمەن و سوریا و عێراق و لوبنان کردووە هەروەک لەسەر ئەو بنەمایەش حکوومەتی دیمەشق چەند سیستەمێکی بەرگری ئاسمانیان لە سوریا جێگیر کردووە.

هەروەک دەزگاکانی راگەیاندی ئێرانیش بڵاویان کردۆتەوە کە تاران بۆ بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکانی دیمەشق لە بەرپەرچدانەوەی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل سیستەمی بەرگری ئاسمانی "Bavar 373" و " خوردادی " و " خوردادی 3 "ی داوەتە ئەو وڵاتە کە هەردووکیان سیستەمی بەرگری ئاسمانی دوورمەودان و تایبەتمەندییەکانیان لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی "S-300"ی رووسییەوە نزیکە .

چاودێران باس لەوە دەکەن کە لەگەڵ ئەوەی تاران سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی خۆی رەوانەی سوریا کردووە بەڵام هێشتا نەخراونەتەوە حاڵەتی ئامادەباشی هەروەک پێدەچێت سیستەمە ئێرانییەکان لەڕێگای راداری چینییەوە کۆنترۆڵ بکرێت وەک ئەوەی ماوەیەک لەمەوبەر دەزگاکانی راگەیاندنی چین باسیان لەوە کرد کە بەهۆی رادارە چینییەکانەوە کە لەنزیک سنووری لوبنان جێگیرکراون سوپای سوریا توانیویەتی بەرپەرچی چەندین هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بداتەوە .

وەرگێڕان: ئاکۆ ئاڵی