شارپرێس
ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانى مرۆڤ رایگەیاند، دانیشتووانی شەش گوندی سەرسنووریی
سەردەشت بە پێی بڕیاری ئەنجومەنی بەرزی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەبێت گوندەکانیان
چۆڵ بکەن ، بەوپێیەی ئەو گوندانە دەکەونە ناوچەی هێڵی سووری ئەمنییەوە .
بەپێی
زانیارییەکانی ڕێکخراوەکە لەرۆژانی رابردوودا هێزەکانی سەرسنووری سەردەشت بە دانیشتووانی
ئەو شەش گوندەیان راگەیاندووە کە بە پێی بڕیاری ئەنجومەنی بەرزی ئاسایشی نەتەوەیی،
شوێنی ژیانیان لە هێڵی سووری سەرسنوورە و دەبێ بە خێرایی ئەو گوندانە چۆڵ بکەن.
بەپێی
قسەی کەسانی ئاگادار دابەشکردنی ناوچەی
سنووری بۆ زەرد و سوور تەنیا بڕیارێکی ئاسایشییە و پشت بە هیچ یاسایەکی پەسەندکراوی ئەو وڵاتە
نابەستێت . بە پێی یاسایی دەستووری ئێران بابەتی پێوەندیدار بە سنوورەکان لە چوارچێوەی
دەسەڵاتەکانی پەرلەماندایە و ئەویش لە ژێر هەلومەرجێکی زۆر تایبەت دایە.
چاودێران
دەڵێن بابەتی لەم شێوەیە وەکوو کۆچ پێکردنی زۆرەملێ هەژماردەکرێت و لەپەیماننامە و
ڕێکەوتننامە نیودەوڵەتییەکاندا بەتەواوەتی ڕێگەپێنەدراوە، تەنانەت یاسای نێودەوڵەتی کۆچپێکردنی زۆرەملێی
وەک تاوانی جەنگ و تاوانی دژە مرۆڤایەتی هەژمار کردووە .
ئامادەکردن
: ئاکۆ ئاڵی