ئەمڕۆ زەنگی دەستپێکردنى ساڵى نوێی خوێندن لێدرا

کوردستان

27/09/2020‌ 271 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا، جەختیشى لەسەر جێبەجێکردنى بەڵێنەکان کردەوە لەسەرجەم بوارەکاندا.

ئەمڕۆ یەكشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەمیانى لێدانى زەنگى دەستپێکردنى پڕۆسەى خوێندن رایگەیاند، خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ زەنگی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن لێدەدەین، بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندنی پۆلی 12ـی ئامادەیی دواتریش خوێندنی پۆلی یەك و دووی بنەڕەتی دەست پێبكات.

سەرۆكی حكومەت وتیشى" راستە خوێندن پرۆسەیەكە بۆ فێربوون، بەڵام لە ھەمانكاتدا قۆناغێكە بۆ ھەستكردن بە بەرپرسیاریەتی، قوتابی بۆ ئەوە دەخوێنن، تا ببن بە ئەندامێكی كاریگەری كۆمەڵگە و فێری زانست بن، بۆ ئەوەی وڵات بەرەوپێش بەرن. خوێندن تەنھا خوێندنەوەی كتێب و وانە نییە، بەڵكو خۆئامادەكردنە بۆ ژیان، بۆیە تا زیاتر خۆتان ئامادەبكەن بۆ ژیان ھێندە دەتوانن سەركەوتووبن لە ژیان، پێویستە بزانین ئەوە بەرھەمی خەبات و قوربانیدانی خەڵكی پێش ئێمەیە و دەبێ ئەم بەرھەمە بپارێزین، داواتان لێدەكەم ھیچ كەس و شتێك وڵاتەكەتان  و مێژووە پڕ سەرەوەرییەكەتان لەبەرچاو ناشیرین نەكات، ئەركی ئیوەیە پارێزەری ئەو دەستكەوتانە بن، دەبێ ئێوە خۆتان ئامادە بكەن بۆ قۆناغێكی دیكەی ئاوەدانی".

مەسرور بارزانی داواشى لە خوێندکاران کرد کە پێوە پێش ھەموو كەسێك خۆتان و مامۆستا و كەسوكارتان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بپارێزن، بۆ ئەوەی تەندروست بن و درێژە بە خوێندن بدەن. بەو ھیوایەی ھەمووان تەندروست باش بن،

 

سەرۆکى حکومەت جەختیشیکردەوە، وەک حكومەت ئەوەی پێیان بكرێت دەیكەن بۆ بەرەوپێشەوەچوونی كەرتی پەروەردە، بەوتەى خۆشى بەرنامەی زۆریان ھەیە بۆ پێشخستنی پەروەردە و خوێندن و كەرتەكانی دیكە، بەڵام قەیرانی دارایی لە جیھان كاریگەری لەسەر ھەرێمی كوردستانیش ھەبووە.

 

هەروەها سەرۆکى حکومەت تەئکیدی کردەوە کە کۆرۆنا نایان وەستێنێ و بەردەوام دەبن لە جێبەجێكردنی پڕۆژە و ئەو بەڵێنانەی بە خەڵكیان داوە، یەكێك لە بەڵێنەكانیش پەرەدانە بە كەرتی پەروەردە و خوێندنە.

س.هـ