ترەمپ: تەنیا لەیەک حاڵەتدا هەڵبژاردنەکان دەدۆڕێنم

جیهان

27/09/2020‌ 912 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، تەنیا لەیەک حاڵەتدا لەهەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی داهاتووی وڵاتەکەیاندا شکستدەهێنن، ئەویش ئەوەیە کە دیموکراتەکان پەنا بۆ ساختەکاری بەرن .

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا لەوتەیەکدا لەبەردەم لایەنگرانى پارتەکەی لە ویلایەتی ڤێرجینیا رایگەیاند "هەڵبژاردنەکان نادۆڕێنین مەگەر تەنیا ساختەکاری بکەن، ڕێگەی ئەوەشیان پێنادەین بابەتەکە پەیوەستە بە ئایندەی وڵاتەکەمانەوە، لەبەرئەوەی ئەوانە وڵاتەکەمان وێران دەکەن، میدیاش ئەوە باشدەزانێت دیموکراتەکانیش لەخەڵکی تر باشتر دەزانن، بەڵام ڕێگەیان پێنادەین لەڕێگای دەنگدان بە پۆستەوە ساختەکاری بکەن "

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەى بەوە کردوە، دەیانەوێت گواستنەوەی دەسەڵات لە وڵاتەکەیاندا ئاشتیانە بێت، بەڵام نایانەوێت فێڵیان لێبکرێت، وەک خۆی دەیڵێت، هەزاران کارتی دەنگدانیان ساختە کردووە ئەوەش ئەو شتەیە کە ڕێگەی پێنادەن.

بڕیارە لە مانگی نۆڤەمبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بەڕێوەبچێت کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا پالێواروی پارتی کۆمارییەکانە و لەبەرانبەریشدا جۆ بایدنی جێگری پێشووی باراک ئۆباما پاڵێوراوی پارتی دیموکراتەکان دەبێت کە بەپێی زۆرینەی راپرسییەکان بایدن بەڕێژەیەکی بەرچاو لەپێش ترامپەوەیە .

وەرگێڕان : ئاکۆ ئاڵی