شارپرێس
لەڕۆژی یەکشەممەوە تێکهەڵچونی توند لەنێوان ئازەرییو ئەرمەنییەکان لەناوچەی ناگۆڕنۆ قەرەباغ ( Nagorno-Karabakh )، سەریهەڵداوە کە بەهۆیەوە دەیان کەس لەهەردولا کوژراونو سەدانیس تریش بریندار بون، ئەوەش بەپێشهاتێکی مەترسیداری ئەو ململانێیە دادەنرێت کە زیاتر لەسەدەیەکە لەنێوان ئەرمەنیو ئازەرییەکاندا بەردەوامە.
لەگەڵ ئەوەی ئەرمەنییەکان لەسەدا ٩٤ی دانیشتوانی ناگۆڕنۆ قەرەباغ پێکدەهێنن، بەڵام هێشتا ناوچەکە جێگای ململانێو ناکۆکی ئەرمینیاو ئازەربایجانەو باکۆ ئامادەنییە دەستبەرداری ئەو ناوچە شاخاوییە ببێت کە دەکەوێتە باشوری قەوقازەوە.
سەرەتای قەیرانەکە
سەرەتای دروستبونی قەیرانی هەرێمەکە بۆ پێش روخانی دەوڵەتی عوسمانی دەگەڕێتەوە، کاتێک ڕژێمی قەیسەری روسیا هەرەسی هێناو بەلشەوییەکان لەدوای شۆڕشی ١٩١٧ جڵەوی حوکمرانی روسیایان گرتەدەست، هاوکات لەگەڵ ئەو روداوە، ئەرمەنو ئازەریو جۆرجییەکان دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان لەناوچەی قەوقاز راگەیاند کە بەناوی کۆماری ترانسقەوقازی دیموکراتی فیدراڵی ناسراوە.
بەڵام کۆمارە تازە لەدایکبوەکە دوای چەند هەفتە لەڕاگەیاندنی بەهۆی ناکۆکی ئەو سێ نەتەوەیە لەسەر پرەنسیپو ئامانجەکان ناکۆکی لەنێوانیاندا دروستبوو، هەربۆیە جۆرجیا لەمانگی ئایاری ١٩١٨ سەربەخۆیی خۆی راگەیاند، دوای دوو رۆژ هەریەک لەئەرمەنو ئازەرییەکانیش هەمان کاریانکرد.
هەر زوو ئازەرو ئەرمەنییەکان لەسەر سنوری وڵاتەکانیانو خاوەندارێتی چەند ناوچەیەک لەوانە کاراباغ بوو بەشەڕیان.
هاوکات لەگەڵ هەرەسهێنانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیو دۆڕاندنیان لەیەکەم جەنگی جیهانیدا، ئەرمەنەکان توانیان خۆیان لەشاری شوشا (Shusha) پایتەختی هەرێمی کاراباغ نزیکبکەنەوە، بەڵام بەهۆی داواکاری بەریتانییەکان بەوەی پێویستە پرسەکە لەکۆنگرەی ئاشتی پاریس یەکلایی بکریێتەوە، بۆیە پێشڕەوییەکانیان بەرەو هەرێمەکە راگرت، لەکۆنگرەکەشدا داوا کرا ئاشتەوایی لەنێوان هەردولایەنی ناکۆکدا بکرێت.
لەگەرمەی دانوستانەکاندا، ئازەرییەکان لەشاری شوشا دەستیانکرد بەپاکتاوکردنی رەگەزییو سەدان ئەرمەنییەکان رەشەکوژ کرد، ئەم ڕوداوەش کارەساتی قەتڵوعامکردنی ئەرمەنەکانی لەسەر دەستی عوسمانییەکان وەبیردەهێنایەوە.
لەمانگی نیسانی ساڵی ١٩٢٠، سوپای سۆڤێت لەسەردەمی دەسەڵاتی جۆزێڤ ستالین بەسەر ناوچەکەیداداو هەردوو وڵاتی ئەرمینیاو ئازەربایجانی داگیرکردەوە، بەوهۆیەوە ناکۆکی ئازەرو ئەرمەنییەکان لەسەر ناوچەی ناگۆڕنۆ کاراباغ بەشێوەیەکی کاتی کپ بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەرمەنییەکان لەسەدا ٩٤ی دانیشتوانی ناوچەکە بوون، بۆیە بۆچونی بەشی زۆری بەرپرسانی سۆڤێت ئەوەبوو کە هەرێمەکە بخرێتەسەر کۆماری ئەرمینیا، بەڵام بەخێرایی لەوبۆچوونە پاشگەزبونەوەو هاتنەسەر ئەو باوەڕەی کە ناوچەکە بخرێتەسەر ئازەربایجان تاوەکو هەردوو گەلی ئەرمەنو ئازەر لەبەر ناکۆکیو دژایەتی یەکتر نەیانپڕژێتە سەرئەوەی کێشە بۆ یەکێتیی سۆڤێت دروستبکەن.
کوردستانی سورو هەرێمی ناگۆڕنۆ کاراباغ
دوای خستنەسەری هەرێمی ناگۆڕنۆ ـ قاراباغ بۆسەر کۆماری ئازەربایجان، لە ١٦ تەمموزی ١٩٢٣ بەبڕیاری سەرۆکایەتی کۆمیتەی جێبەجێکاری ناوەندی کۆماری ئازهربایجان ئەم هەرێمە پێکهێنرا کە پایتەختەکەی شاری لاچین بوو، شارەکانی کەرەکیشڵاک ( قەرەقیشڵاغ) کەلبەجار، کوباتلی (قوبادلی)، کوتورلی (قوتورلی)، کوردگاجی ( کوردحاجی)و مورادخانلی لەخۆگرتبوو، بەڵام لەساڵی ١٩٢٩و بەهۆی سیاسەتەکانی ستالین دژ بەکەمینەکانی ناو سۆڤێتو راگواستنیان بۆ کۆمارەکانی تری ناو یەکێتییەکە کۆتایی بەکوردستانی سور هێنرا.
کوردستانی سوور یەکەیەکی کارگێڕییو ئەتنیکی بوو لەئازربایجانی سۆڤیەتی کە ناوچەیەکی فراوانی لەسەر سنورەکانی ئازهربایجانو ئەرمینیای لەخۆگرتبوو ، بەتایبەت هەرێمی ناگۆڕنۆ قەرەباغ.
بەگوێرەی سەرژمێری ساڵی ١٩٢٦ لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە ژمارەی دانیشتوانی کوردستانی سۆر (٥١٢٠٠) بووە، ڕێژەی دانیشتوانی کورد ڕێژەی (%٧٣،١) بوەو ڕێژەی (%٢٦،٣) ئازەربایجانی بووە، دوای ئەم سەرژمێریە سەرژمێریەکی لەو ناوچەیە لەژێر چوارچێوەی کوردستانی سوردا نەکراوەتەوە٠
سەرهەڵدانەوەی ناکۆکی
دوای گرتنەدەستی دەسەڵاتی یەکێتیی سۆڤێت لەلایەن میخائیل گۆڕباتچۆڤو لەگەڵ نزیکبونهوهى هەرەسهێنانی یەکێتییەکە، ئەرمەنەکانی کاراباغ پڕۆژە بڕیارێکیان تێپەڕاند کەبەپێی ئەوە هەرێمەکەیان دەچێتەوەسەر کۆماری ئەرمینیا.
کە یەکێتی سۆڤێتیش هەرەسیهێنا، هەرێمەکە جیابونەوەی خۆیان لەئازەربایجان راگەیاندو چوونەوە پاڵ ئەرمینیا، کەبەهۆیەوە شەڕێکی دژوار لەنێوان هەردوو کۆماری ئازەربایجانو ئەرمینیا رویداو بوە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە٣٠ هەزار کەسو ئاوارەو دەربەدەربونی دەیان هەزار کەس، لەوکاتەشەوە هەرێمەکە لەدۆخی نەشەر نەئاشتیدایەو ناوبەناو شەڕو پێکدادان لەنێوان هەردوو لایەنی ناکۆکدا دروستدەبێتەوە.