نیشانەیەکی نوێی توشبون بەکۆرۆنا ئاشکراده‌كرێت

تەندروستی

15/10/2020‌ 3904 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 

زاناكان نیشانه‌یه‌كى نوێى توشبون به‌كۆرۆنا ئاشكراده‌كه‌ن كه‌ له‌ده‌ستدانى هه‌ستى بیستنه‌.

بەگوێرەی تۆڕی (CNN)ى ئەمریکی زاناکان ڕایانگەیاندوە، نیشانەیەکی نوێی توشبون بەڤایرۆسی کۆرۆنایان دۆزیوەتەوە کە ئەویش بریتییە لە لەدەستدانی هەستی بیستن لای بەشێک لەتوشبوان.

میریدت هاریل کە پزیشکی پسپۆڕی قوڕگ‌و لوت‌و گوێیە ڕایگەیاندوە، لەمانگی حوزەیرانی ڕابردوو هەستی بەزرینگانەوەی گوێیەکی کردوە، دواتر لەپڕ ئەو گوێیەی هەستی بیستنی لەدەستداوە، دوای ئەنجامدانی پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامەکەی پۆزەتیڤ بوە، هەرچەندە هەستی بەنیشانەکانی تری نەخۆشییەکە نەکردوە.

ئەو دەڵێت:"ئەگەری زۆره‌ به‌هۆى توشبونم بەکۆرۆناوه‌ هەستی بیستنم له‌ده‌ستدابێت، لەگەڵ ئەوەی هەندێک ڤایرۆسی توشکەری نەخۆشییەکانی وەک سورێژەو هەوکردنی پەردەی مێشک دەبنە هۆی لەدەستدانی کتوپڕی هەستی بیستن، بۆیە دەبێت لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت لەسەرئەوەی کە کۆرۆنا دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەستی بیستن یان نا".

لەوبارەیەوە دکتۆر ماسیۆ ستیوارد پڕۆفیسۆری یاریدەدەرو پزیشکی قوڕگ‌و لوت‌و گوێ لەزانکۆی جۆنز هۆپکینز وتویه‌تى:"دەبیستین کە ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەهۆی توشبونیان بەکۆرۆنا هەستی بیستنیان توشی گرفت بوە، لەگەڵ ئەوەی دەرچەی سەرەکی گەیشتنی ڤایرۆسەکە بەسییەکان بریتییە لەلوت، بەڵام بەگوێرەی هەندێک لەلێکۆڵینەوەکان دەکرێت لەڕێگای چاوو گوێشەوە توشی نەخۆشییەکە ببین".

لەگەڵ ئەوەی ئاماری ورد لەسەر بڵاوی لەدەستدانی هەستی بیستن لای کەسانی توشبوی ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە، بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی بەریتانی کە لەسەر ١٣٨ توشبوی کۆرۆنا کراوە، دەرکەوتوە کە ١٣یان دوای دوو مانگ لەچاکبونەوەیان لەنەخۆشییەکە، هەستیان بەدەنگدانەوە لەگوێکانیاندا کردوە، هەرچەندە پزیشکان ناتوانن جەخت لەوەبکەنەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ هێرشدەکاتەسەر گوێی ناوەوە.

هێشتا زاناکان نازانن بۆچی بەشێک لەتوشبوانی کۆرۆنا توشی لەدەستدانی هەستی بیستن دەبن، بەڵام گومان دەكرێت بەهۆی مەینی خوێنی لولە خوێنەکانی گوێوەبێت کە کاریگەری لەسەر هەستی بیستن دەبێت.

دکتۆر ستیوارد ئاماژەی بەوەشکردوە، چارەسەرکردنی ئەو حاڵەتە بەپێدانی بڕێکی بەرز لەدەرمانی ئەستیرۆید لەڕێگای دەمەوە دەبێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی