ئەگەری هەیە ئەردۆغان بردنەوەی بایدن بکاتە بیانوو بۆ هێرشکردنەسەر ڕۆژئاوای کوردستان

ڕاپۆرت

15/10/2020‌ 2422 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شرۆڤەکارێکی ئه‌مریكی  زانیاریه‌كى گرنگ‌و مه‌ترسیدار له‌باره‌ى ڕۆژئاواى كوردستانه‌وه‌ ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئەگەری هەیە ئەردۆغان بردنەوەی بایدن بکاتە بیانوو بۆ په‌لاماردانى ڕۆژئاوای کوردستان"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "دوو مانگ‌و نیوی داهاتوو دوا دەرفەتە بۆ هێرشکردنەسەر هاوپەیمانەکانی ئه‌مریكا لەسوریا".

سۆرۆ ڕێدکرۆ شارەزا لەململانێ جیهانییەکان‌و کاروباری کورد لەواشنتۆن ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ڕەنگە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سود لەسەرنەکەوتنی دۆناڵد تره‌مپی کاندیدی کۆمارییەکان لەهەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا وەربگرێت بۆ دەستپێکردنی هێرشی نوێ بۆسەر باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا".

ڕێدکرۆ لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەی (نۆرس پرێس) ئاماژەی بەوەکردوە، "ئەردۆغان باشدەزانێت دوو مانگ‌و نیوی داهاتوو دوا دەرفەتە بۆ هێرشکردنەسەر هاوپەیمانەکانی ئه‌مریكا لەسوریا، لەبەرئەوەی ئەگەر جۆ بایدن جڵەوی کاروباری سەرۆکایەتی ئه‌مریكا بگرێتەدەست، ڕێگە بەوەها هێرشێک نادات". 

بەگوێره‌ى ڕاپۆرتە میدیاییەکان، دۆناڵد تره‌مپ تۆمارێکی جێگای شانازی پەیوەست بەکوردەکانی سوریا نییە، هەرچەندە لەکۆبونەوەیەکی مانگی کانونی دوەمی ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ ئیلهام شاهینی هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، ئەو کوردی خۆشدەوێت، کەچی هەر لەمانگی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ، وەک ڕێگەخۆشکردنێک بۆ هێرش‌و پەلاماری تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان، فەرمانیکرد هێزەکانی ئه‌مریكا لەسەر سنوری نێوان تورکیاو ڕۆژئاوای کوردستان بکشێنەوە.

ئەو پسپۆڕە ئه‌مریكییە ئاماژەی به‌وه‌شکردوە، سیاسەتی ناتەبای ترەمپ بەرامبەر بەتورکیاو ڕۆژئاوای کوردستان، ڕەنگە پەیوەندی هەبێت بەبەرژەوەندییە تایبەتیەکانی سەرۆکی ئه‌مریكا لەگەڵ تورکیا.

ڕێدکرۆ ئەوەشی وتوە:"ئەردۆغان لەکاتی دەستدرێژییەکانی سوپای تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان، لەماوەی هەفتەیەکدا دوجار پەیوەندی بەترەمپەوە کردوە، تەنانەت ترەمپ خۆشی جەختی لەوەکردۆته‌وه‌ بەرژەوەندی هاوبەشیان لەگەڵ تورکیا هەیە، كە مەبەست بونی تەلارەکانی ترەمپە لەئیستانبوڵ".

بەقسەی ڕێد کڕۆ، ئەگەر بایدنی پاڵێوراوی دیموکراتەکان هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئه‌مریكا بباتەوە، ئەوە ئەردۆغان دەزانێت کە سەرۆکێکی ملکەچ‌و بەرژەوەندیخوازی وەک تره‌مپی دەستناکەوێت، بەتایبەت کە ساڵی ڕابردوو بایدن بڕیاری سەرۆکی ئه‌مریكای بۆ پاشەکشەکردن لەڕۆژئاوای کوردستانی بەناپاکی لەهاوپەیمانە کوردەکان هەژمارکردبوو.

وەرگێڕان: ئاکۆ ئاڵی