جۆرجینا بۆ رۆناڵدۆ: تۆ سەرچاوەی ئیلهامی منی

وەرزش

15/10/2020‌ 192 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای توشبونی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالى‌و هێرشبەری یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی بەڤایرۆسی کۆرۆنا، جۆرجینا ڕۆدریگیزی کچەهاوڕێکەی بەشێوازی تایبەتی خۆی پشتیوانی بۆ ڕۆناڵدۆ دەربڕیوە.

جۆرجینا لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتویتەر، پەیوەندییەکی ڤیدیۆیی خۆی‌و کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی بڵاوکردۆتەوەو لەسەری نوسیوە:"تۆ سەرچاوەی ئیلهامی منی"، بەشێوەیەک کریستیانۆ بەزەردەخەنەوە دەرکەوتوەو هیچ نیشانەیەکی دڵەڕاوکێی بەهۆی توشبون بەڤایرۆسەکەوە پێوەدیار نییە.

پەیامەکەی جۆرجینا بۆ موشەکەکەی مادێرا لەکاتێکدایە کە ئەو بەدۆخێکی سەختدا تێپەڕدەبێت، لەبەرئەوەی بەهۆی خۆکەرەنتینەکردنییەوە ناتوانێت لەچەند یارییەکدا بەشداربێت، وەک یاریی بەرامبەر بەیانەی کرۆتۆنی لەخولی ئیتاڵی‌و دواتر یاریی خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەرامبەر بەیانەی دینامۆ کییڤ.

توشبونی ڕۆناڵدۆ بەڤایرۆسی کۆرۆنا وایکردوە چەندین یاریزانی یانەی ڕیاڵ مەدرید لەوانە سێرجیۆ رامۆس‌و رافاییل ڤاران‌و فیرلاند میبدی بەهۆی تێکەڵاوبونیان لەگەڵیدا ترسی توشبونیان بەکۆرۆنا لا دروستبێت، بەتایبەت لەکاتی یاریی نێوان هەڵبژاردەی پورتوگال لەگەڵ هەردوو هەڵبژاردی ئیسپانیاو فەڕەنسا.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی