دەروازەیەکی سنوری نهێنی لەنێوان دهۆک و تورکیا ئاشکرا دەکرێت

کوردستان

18/10/2020‌ 2153 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەیەکی ئاگاداری عێراقی دەروازەیەکی سنووری نوێی لەنێوان عێراق و تورکیا لە پارێزگای دهۆکی ئاشکرا کرد کە  لەلایەن دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراقەوە تۆمارنەکراوە و داهاتەکەی تەنیا بۆ بەرپرسانی پارتی دەچێت.

پێگەى فەرمى "مەعلومە" بڵاویکردەوە کە ئەو دەروازە سنوورییە نافەرنییە ناوی دەروازەی سەرزێرە و نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە دوورە، بەشێوەیەک جگە لەوەی رۆژانە هەزاران بارهەڵگری بازرگانیی لێیەوە دێن  و دەچن ، لەهەمان کاتیشدا هێزە سەربازییەکانی تورکیا بەشێوەیەکی فەرمی پێیدا هاتووچۆ دەکەن.

لەبەشێکی تری قسەکانیدا سەرچاوە ئاگادارەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی دانوستانەکانیان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی لەبارەی رادەستکردنی داهاتی دەروازە سنوورییەکان بە حکوومەتی ناوەند، بەهیچ جۆرێک باسیان لە دەروازەی سنووریی سەرزێر نەکردووە، ئەویش لەبەرئەوەی داهاتەکەی تەنیا بۆ بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەچێت و تەنانەت وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانی ئاگاداری چۆنێتی ئیدارە و داهاتی ئەو دەروازەیە نییە.

ئەوەشی وتووە کە ڕێککەوتنێک لەنێوان پارتی و کۆمپانیا تورکییەکان کراوە بۆئەوەی ئەگەر هات و ڕێککەوتن لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەند کرا بۆئەوەی دەسەڵاتی فیدراڵی بەسەر دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیلدا بسەپێنرێت، ئەوە دەروازەی سەرزێر ڕێگای سەرەکیی بارهەڵگرە بازرگانییەکان بێت، تاوەکو بەغدا ئاگاداری قەبارەی ئاڵوگۆری بازرگانی و داهاتەکان نەبێت.
وەرگێران  : ئاکۆ ئاڵی