چاڤی لاند.. پڕۆژە گەشەكەی سلێمانی
لەیەكساڵدا زیاتر لەیەك ملیۆن‌و 300 هەزاركەس سەردانی چاڤی لاندیان كردووە

sharpress.net

.

3171 جار خوێندراوه‌ته‌وه

6/18/2014 8:11:00 PM‌

راپۆرتی: هێمن حەسەن

پارچەیەك لەرووناكی سەوزایی لەدامێنی شاخی گۆیژەی شاری سلێمانی سەرنجی گەشتیاران‌و ئەوانەش رادەكێشێت كە لەم شارەدا دەژین، لەو سەری شارەوە "چاوی سلێمانی" بەسەر گەورەترین پرۆژەی گەشتیاریدا دەڕوانێت كە بەپێی قسەی خاوەنەكەی نەك هەر لەهەرێمی كوردستان‌و عێراق، بەڵكو لەسەرتاسەری عێراقدا هاوشێوەی نییە، ئێرە "چاڤی لاند"ە.

 

چاڤی گەشتیاری یان چاڤی لاند پڕۆژەیەكی گەشتیاری كەرتی تایبەتەو كەوتووەتە باكوری رۆژهەڵاتی سلێمانی‌و لەسەر شەقامی شەست مەتری ، شاخی گۆیژەی جوانتر كردووە.

 

بەر لەوەی گەشتیار بچێتە ناو پرۆژەكەو لەوردەكارییەكانی تێبگات، لەشێوازی چوونە ژوورەوەدا ئەوەی بۆ روون دەبێتەوە كە ئەم پرۆژەیە بەچەند هەنگاوێكی زۆر پرۆژە گەشتیارییەكانی تری تێپەڕاندووە، پرۆسەی چوونە ژوورەوەی سەردانكەر بەشێوازێكی پێشكەوتوو رێكخراوە كە لەرێی كارتی تایبەت‌و چەند دەروازەیەكی ئەلكترۆنی میكانیكی كارئاسانی بۆ چوونە ناوەوەی سەردانكەر كراوە.

 

لەدوای ئەوەشەوە هەر گەشتیار‌و سەردانكەرێك بیەوێت سوود لەیاری‌و خزمەتگوزارییەكان وەربگرێت لەچەند كۆشكێكی تایبەت كە لەناو پڕۆژەكەدا هەیە دەتوانێت كارتی باڵانسی چوونە ژوورەوە پڕبكاتەوە، گەشتیار دەتوانێت كارتەكە هەڵبگرێت لای خۆی دوای چەند ساڵێكیش بێت دەتوانێت باڵانسی تێبكاتەوە.

 

چاڤی لاند یەكێكە لەپرۆژەكانی‌ كۆمپانیای چاڤی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری رووبەری پڕۆژەكە 825 هەزار مەتر دووجایەو 1000 مەتر دووجای سەوزایی‌و شوێنی حەوانەوەیەو دەكەوێتە 600 مەتر دامێنی شاخی گۆیژەوە لەشاری سلێمانی.

 

خاوەندارێتی ئەم پرۆژەیە بەشێوەی پشكەو نۆ هەزار هاووڵاتی تیایدا بەشدارن، بەڵام خاوەندارێتی 80% پرۆژەكە بۆ شاسوار عەبدولواحید دەگەڕێتەوە كە سەرمایەدارێكی شاری سلێمانییە.

 

 سەرەتای شوباتی ساڵی 2010 دەستكراوە بەكاركردن لەچاڤی لاندداو بەماوەی پێنج ساڵا دەبێت سەرجەم وردەكارییەكانی تەواو ببێت، بەڵام هەر پاش دوو ساڵا گەشتیاران توانیان سەردانی بكەن.

 

 لە 70% روبەری پڕۆژەكە سەوزایییەو لە30% بۆ بەشەكانی تر تەرخانكراوە، لەوەرزەكانی پایزو زستاندا لەلایەن 100 كارمەندەوە بەڕێوە دەبرێت‌و لەوەرزی بەهارو هاوینیشدا نزیكەی 400 كارمەندی هەیە، كە كاری جۆراو جۆر لەناو ئەو پڕۆژەیەدا دەكەن.

 

هەرچەندە ئێستا رۆژانە ژمارەیەكی زۆری سەردانكەر دەچنە چاڤی لاندەوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی‌و چەند بەشێكی تری ماوە، یەكێك لەوانە هۆتێلێكی 11 نهۆمییە كە ئێستا لەقۆناغی تەواوبووندایە، لەگەڵا پرۆژەی مەلەوانگەو یاریگای ئەكواپارك.

 

بڕی 200 ملیۆن دۆلار تێچووی گشتی چاڤیلاند بووە، لەمڕووەوە دانا حەسەن بەڕێوەبەری رێگە پێدراوی كۆمپانیای چاڤی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیار- هاوپشكی تایبەت بەشارپرێسی وت "راستە پڕۆژەكە 200 ملیۆن دۆلاری تێچووە، بەڵام ئەم پڕۆژەیە بەردەوام لەگەشەكردندایەو هەر گەشەكردنێكیش پێویستی بەسەرفكردنی پارەی زیاتر هەیە، بۆیە لەگەڵ گەشە پێدانی ئەو پڕۆژەیە تێچووی پڕۆژەكەش بەرز دەبێتەوە".

 

 دانا حەسەن رونیشیی دەكاتەوە رۆژ بەرۆژ پڕۆژەكە فراوان دەكرێت‌و بەشی زیاتری لێ دروست دەكرێت، چونكە پێی وایە ناكرێت پڕۆژەیەك تەنیا بەو بەشانەوە وەكو خۆی بمێنێتەوە كە بەبڕوای ئەو گەشتیار رۆژ بەرۆژی شتی نوێتری دەوێت لەو پرۆژە ستراتیژیە گرنگەدا.

 

بەڕێوەبەری رێگە پێدراوی كۆمپانیای چاڤی ئاماژە بەوە دەكات كە لەساڵی رابردوودا تا ئێستا زیاتر لەیەك ملیۆن‌و 300 هەزار كەس لەناوچە جیاجیاكانی عێراق‌و هەرێمی كوردستان‌و وڵاتانی ترەوە سەردانی چاڤی گەشتیاریان كردوە، باس لەوەش دەكات سەرەڕای بوونی قەیرانی دارایی لەهەرێمی كوردستان، بەڵام ئاستی سەردانی گەشتیارانی شارەكانی هەرێم بەردەوام لەزیاد بووندایە، بەوتەی خۆشی گەشتیاران كەمتر روو لەیارییەكان دەكەن بەهۆی نەبوونی پارەو ئەو قەیرانە دارییەی دروست بووە كە پێی وایەی كاریگەری لەسەر پڕۆژەكەیان هەبووە.

 

بەقسەی بەڕێوەبەرەكەی شێوازی دابەشكردنی داهاتی ئەو پڕۆژە گەشتیارییە بەسەر 9 هەزار خاوەن پشكدا بەشێوەی ساڵانە دەبێت كە كۆی داهاتی پڕۆژەكە كۆ دەكرێتەوەو ئەو خەرجی‌و تێچوونی لەپڕۆژەكە خەرج كراوە لەگەڵا باجی حكومەت دەردەكرێت‌و ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ خاوەن پشكەكان دەبێت.

 

هەر لەو پڕۆژەیەدا 37 كابینەی لەشێوەی هۆتێلی بچوك هەیە كە میوان دەتوانێـت تیایدا بمێنێتەوە بەپێی ئەو كاتەی خۆی دەیەوێت، لەبەشێكی تری ئەو پڕۆژە گەشتیارییەدا 4 رێستۆرانتی گەورەی تێدایەو لەگەڵ 3 كافتریاو 15 كۆشكی قەبارە مامناوەند‌و 7 كۆشكی بچوك، ئەو كۆشكانە ساڵانە لەزیادكردنێكی ئاشكرادا دەخرێتە تەندەرینەوەو دەدرێت بەكرێ‌‌و پارەكەشی دەچێتە سەر داهاتی پڕۆژەكە.

 

چاڤی گەشتیاری 30 یاری جۆراوجۆری لەخۆگرتووە كە بۆ هەموو ئاستەكانی تەمەن یاری تێدایە، نرخی یارییەكان لە 500 دینارەوە دەست پێ دەكات تا 7 هەزار دینارو چەند یاریەكی بێ بەرامبەرە بۆ گەشتیاران.

 

گرنگترین یارییەكانی ناو پڕۆژەكە:

یاری كورسی كورسی:  یەكێكە گرنگترین یارییەكانی چاڤی لاند، ناوی "چاوی سلێمانی" لێنراوە، بەو پێیەی بەرزیەكەی 90مەترەو لەهەموو لایەكیسلێمانییەوە بەرۆژو بەشەو دیارە.

 

سكەتلمەوت: بەوتەی بەرپرسانی پڕۆژەكە بەرزترین یاری‌ سكەتلمەوت لە رۆژهەڵاتی‌ ناوەڕاستدا 34مەترە، بەڵام ئەوەی‌ شاری‌ چاڤی‌ گەشتیاریی‌ 36مەترە، واتە گەورەترینی ناوچەكەیە.

 

 جگەلەیاریە كراوەكان، دەیان یاری‌ تریش لەنێو هۆڵێكی‌ داخراوی‌ گەورە بەروبەری‌ 6000 مەتر دوجا هەیە كەبەرزی‌ ئەم هۆڵە 26 مەترە.

 

 رەنگە یەكێك لەهەرە دیمەنە ناوازەو سەرنجڕاكێشەكانی چاڤی لاند ئەو فوارەیەی ئاوە بێت كە ناوبانگێكی تایبەتی بەپرۆژەكە داوە، ئەم فوارەیە لەسەر روبەری‌ 4000 مەتر دوجا دروستكراوەو تا 30 مەتر بەرز دەبێتەوە، لە ناو ئەم فوارەیەدا نمایشی‌ لەیزەر هەیە‌و لەگەڵا ئاوازی میوزیك‌و گۆرانیدا بەرز دەبێتەوە، جگە لەمەش لەبەشێكی تری پرۆژەكەداو لەبەرزی 20 مەترەوە تاڤگەیەكی دەستكرد دێتە خوارەوە.

 

مۆزەخانەی مۆم یەكێكی‌ ترە لە بەشە سەرەكیەكانی‌ ئەم پرۆژەیە كە پەیكەری لەسلیكۆن دروستكراوی كەسایەتییەكانی جیهانی لەبوارە جیاجیاكاندا لەخۆ گرتووەو بەشێوەیەكی زۆر هونەرییانە دروستكراوە.

 

دانا حەسەن ئاماژە بەوەش دەكات كە ئەوەی ئەم مۆزەخانەیە لەهەموو مۆزەخانەكانی‌ تری‌ رۆژهەڵاتی‌ ناوەڕاست جیادەكاتەوە ئەوەیە كەرەستەكانی لە(سلیكۆن) دروست كراون نەك مۆم ئەمەش یارمەتی‌ مانەوەی‌ پەیكەرەكان بۆ ماوەیەكی‌ درێژخایەن دەدات بەبێ ئەوەی‌ هیچ تێكچونێك بەسەر شێوەی‌ كەسایەتییەكاندا بێت.

 

تەلەفریكی چاڤی لاند 

ئەمەیان دیاریترین‌و گرنگترین بەشی‌ پرۆژەكەیە بەو پێیەی‌ لەسەر لوتكەی‌ شاخی‌ گۆیژەوە بۆ سەر شەقامی‌ شەست مەتری‌ شاری‌ سلێمانی‌ درێژ دەبێتەوەو لەلایەن كۆمپانیای ‌(دۆپلمایەر)ی‌ ئەڵمانییەوە سەرپەرشتی‌ دروستكردنی‌ دەكرێت كە گەورەترین كۆمپانیای‌ ئەم بوارەیەو لەسەدا 65ی‌ تەلەفریكەكانی‌ جیهان لەلایەن ئەم كۆمپانیایەوە جێبەجێ كراون، ئەو تەلەفریكە گەشتیار لەسەر شەقامی شەست مەترییەوە دەتوانێت بچێت بۆ سەر شاخی گۆیژە لەهەر گەشتیاریكیش 7 هەزار دینار وەردەگیرێت.

 

شاسوار عەبدولواحید خاوەنی زۆرترین پشك‌و بیرۆكەی پڕۆژەكە بەشارپرێسی وت "ئەوەی ئەم پرۆژەیە لەزۆربەی ئەو پرۆژە گەشتیاریانەی تر جیادەكاتەوە كە تائێستا لەناوچەكەدا هەن، كۆمەڵێك تایبەتمەندییە كە پێكەوە ناوازەیی پرۆژەكە دەردەخەن، ئەوانیش گەورەیی روبەری پرۆژەكەو شوێنی جوگرافیی‌و جوانی دیزاین‌و جۆراوجۆریی بەشەكانی پرۆژەكەیە، كە زۆربەی ئەو مەیدان‌و بوارە گەشتیارییانە دەگرێتە خۆی كە لەدونیای گەشتیاریی هاوچەرخدا باوەو تائێستا لەزۆربەی وڵاتانی دراوسێ نەكراوە".

 

بایەخی پڕۆژەكە:

پێشبینی دەكرێت دوای تەواوبوونی كۆی پرۆژەكە لەماوەیەكی كورتدا بایەخێكی گەشتیاریی بەهێز لەپاڵ بایەخە كلتوریی‌و مرۆییەكەی بۆ شاری سلێمانی دروست بكات‌و لەمەودای دوریشدا گرنگیەكی سیاسی‌و ئابوری بەهێزی بۆ شاری سلێمانی هەم لەسەر ئاستی كوردستان و هەم لەسەر ئاستی عێراقدا دروست بكات.

 

یەكێكی تر لەبایەخەكانی ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی ناساندنی شاری سلێمانی‌و كوردستان‌و لایەنە گەشتیاریی‌و كەلەپوریی‌و شوێنەوارییەكان بەعێراق‌و دەرەوەی عێراق، هەروەك دەبێتە هۆی راكێشانی گەشتیارێكی زۆر لەسەرجەم ناوچەكانی كوردستان‌و عێراق‌و وڵاتانی ناوچەكە بۆ شاری سلێمانی‌و دواتریش بۆ كوردستان لەرێگەی دروستكردنی گروپ گەشت‌و رێبەری گەشتیاریی لەلایەن (كۆمپانیای نالیا)وە بۆ سەرجەم شارە جیاوازەكانی كوردستان. 

 

بەوتەی دانا حەسەن پڕۆژەكە 1000 هەلی كاری بۆ دانیشتوانی سلێمانی رەخساندوەو لەداهاتووشدا لەگەڵ فراوانبوون‌و پەرەپێدانی هەلی كار لەو ژمارەیە زیاتر بێت، كە بەوتەی ئەو جگە لەبەخشینی دیمەنێكی جوانی سلێمانی بووەتە سەرچاوەی بژێوی سەدان خێزانی سێلمانی.

 

بەرپرسانی پڕۆژەكە ئاماژە بەسێ‌ كێشەی سەرەكی پڕۆژەكە دەكەن یەكێكیان نەبوونی ئاوە كە ئاسان بۆ پڕۆژەكە دابین ناكرێت‌و وەكو خۆیان دەیڵێن شارەوانی سلێمانیش وەك پێویست هاوكار نییە بۆ دابین كردنی ئاو، یەكێكی تر لەكێشەكان گەڕاندنەوەی پارەی كارەبایە كە بەوتەی خۆیان پارەیەكی زۆری كارەبایان بۆ دەگەڕێتەوە كە زیاترە لەبەكارهێنانی كارەبا، هەروەها كێشەیەكی تر كە رووبەروی پڕۆژەكە بووەتەوە بوونی ژمارەیەكی زۆری دەستگێڕە لەبەردەم پڕۆژەكە كە بەڕێوەبەری رێگە پێداروی كۆمپانیای چاڤی گەشتیاری پێی وایە ئەو دەستگێڕانە كاریگەریان لەسەر پڕۆژەكە دروستكردوە بەدروستكردنی قەرەباڵغی‌و فرۆشتنی خواردنی خراپ.

 

پڕۆژەی چاڤی گەشتیاری لەلایەن كۆمپانیایەكی ئەمنی كەرتی تایبەتەوە دەپارێزرێت‌و ئارامی بۆ دابین كراوە، بەوتەی بەرپرسانی پرۆژەكەش تا ئێستا هیچ كێشەیەكی ئەمنی رووبەروی ئەو پڕۆژەیە نەبووەتەوەو هیچ گەشتیارێك مەترسی لەسەر نەبووە.

 






ads

زۆرترین خوێندراوە

ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved