شارپرێس بەرنامەى کارى ئەنجومەنى وەزیران ئاشکرا دەکات

کوردستان

19/10/2020‌ 813 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم کۆدەبێتەوەو تیایدا لەبارەى دەروازە سنورییەکانەوە گفتوگۆ دەکات.

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێم بە شارپرێسى راگەیاند، ئەمرۆ دوو شەممە ئەنجومەنى وەزیران بەسەرۆکایەتى مەسرور بارزانى و ئامادەبوونى قوباد تاڵەبانى بەڕێوەدەچێت و تیایدا گفتوگۆ لەسەر دەروازە سنورییەکان دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەى بەوەشکرد، کە راپۆرتێک لەبارەى دەروازە سنورییەکان دەخرێتەڕوو دواتر لەبارەى قاچاخچیەتى و ئەو کۆمپانیایانەى داهاتێکى زۆر بۆخۆیان دەبەن تاوتوێ دەکرێت.

هەروەها لەکۆبوونەوەکەدا باس لەو رێگاو میکانیزمانە دەکرێت کە کۆتایی بە دیاریدەى قاچاخیکردن و هاوردەکردنى موادى خراپ و چەند بابەتێکى دیکەى تایبەت بەو دەروازانە باس دەکرێت.

هاوکات سەرچاوەکەى شارپرێس روونیکردەوە کە هەردوو فڕۆکەخانەى هەولێرو سلێمانى بەشێک دەبن لە تەوەرەکانى کۆبوونەوەکەو بەهەمان شێوە چەند بابەتێکى گرنگ و هەستیار پەیوەست بە فڕۆکەخانەکانیش هەیە کە پێویستیان بە چارەسەرو دۆزینەوەی رێگاى گونجاو هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتریان.

لە هەرێمى کوردستان دوو فڕۆکەخانەو پێنج مەرزى نێودەوڵەتى و زیاتر لە ٢٠ دەروازەى نافەرمى هەیە کە بە وتەى چەند پەرلەمانتارێک لەم دەروازانەوە قاچاخچییەتى زۆر دەکرێت و کەل و پەلى نایاسایی و نائاسایی دەهێنرێتە هەرێمى کوردستانەوە، هاوکاتیش چەندین کۆمپانیا داهاتێکى زۆر بەخۆیان دەبەن و کەمێکى داهاتەکەى بۆ خەزێنەى حکومەت دەگەڕێتەوە.

لەلایەکى ترەوە دارا رەشید وەزیرى پلان دانانى هەرێم رایگەیاند، فەوزایەکى زۆر لە دەروازەکانى هەرێمی کوردستان هەر لە ئیبراهیم خەلیلەوە تا باشماخ هەیەو دەیانەوێت پێداچوونەوە بە گرێبەستى کۆمپانیاکان بکەن کە بەوتەى خۆی لە ٨٥%ی داهات و قازانج بۆ ئەو کۆمپانیایانەیە.

هەر لەسەر ئەوپرسە عەلى حەمە ساڵح ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، لەسەرجەم دەروازە سنوریەکانى هەرێم بە فەرمى و نافەرمیەوە قاچاخچییەتی دەکرێت و کۆمپانیای حزبی کۆنترۆڵى داهاتەکانیان کردوە.

هەروەها دابان محەمەد کە ئەندامى هەمان فراکسیۆنە لەپەرلەمانى کوردستان رایگەیاند" کارى قاچاغچێتى لە خاڵە سنورییەکان بەردەوامە، ئەوەى هەیە بێدەنگى لێکراوە، زیاتر نەبێت کەمتر نەبوە! کارى قاچاغى بەجۆرێک فراوانبوە، لە بەرپرسانەوە ترازاوە بۆ خەڵکانى تر، شۆفێرى خێزانى بەرپرس هەیە دەستى داوەتە کارى قاچاغى و ئۆتۆمبێل داخلى هەرێمى کوردستان دەکات".

س.هـ