قوباد تاڵەبانی داواكارییەك ئاڕاستەی ژنان و كچانی كوردستان دەكات

کوردستان

19/10/2020‌ 1143 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم  رایگەیاند، ژنان دیوە جوانەكەی دیكەی ژیانن، بە پشكنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمك، دەتوانن لە تەندروستی خۆیان دڵنیابن.

قوباد تاڵەبانی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نوسیویەتی،ژنان كە دایك و خوشك و هاوژین و هاوڕێمانن، دیوە جوانەكەی تری ژیانن، بە پشكنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمك، دەتوانن لە تەندروستی خۆیان دڵنیابن.

ئاماژەی بەوەشداوە، "لە ئێستادا ڕێگاکانی چارەسەر زۆرن، بە هەوڵ و لێبڕانی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی، چیتر شێرپەنجە یەكسان نییە بە مردن".

قوباد تاڵەبانی باسیلەوەشكردووە، ئەم مانگە كە تایبەتە بە ھۆشیاركردنەوەی خەڵک لەبارەی شێرپەنجەی مەمكەوە، بە چیرۆكی خاتونێكی جەنگاوەر و بەخشندەی ناساندین کە بەسەر شێرپەنجەدا زاڵ بووە، ئەمڕۆ هەموومان پێكەوە لە نەخۆشخانەی هیوا بە سەرسامی و سوپاسەوە ئامادەی دەستپێشخەرییەكەی بووین.

ڕونیشیكردوەتەوە، "ھێڤی خان لە جیاتی ئەوەی چۆک بۆ شێرپەنجە دابدات، پرچەکانی خۆی کردە فڵچە و کۆمەڵێک تابلۆی هونەری پێ نەخشاند. ئەمڕۆش داهاتی تابلۆ ڕەنگینەكانی بەخشی بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشانەی کە هێشتا لە قۆناغی بەرگریدان، خوازیارم هەموومان ئیلهام لە كۆڵنەدان و گیانی بەرزی هاوكاری و هەستی مرۆڤدۆستانەی ئەو وەربگرین".
ئەو وتانەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەپاش بەشداری بوو لە دەستپێكی هەڵمەتێكی تایبەت بە هۆشیاركردنەوەی خەڵك دەربارەی شێرپەنجەی مەك كە لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی بەڕێوەچوو.