ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم

کوردستان

21/10/2020‌ 899 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە و پڕۆگرامی خزمەت و  کڕینەوەی گەنمی جووتیاران  لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2020 تاووتوێ كرد هاوكات بڕیاردرا، ھە‌موو وە‌زارە‌ت و دامەزراوە‌كان، لە‌ژێر چاودێری سە‌رۆكایە‌تی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، پێداچوونە‌وە‌ بكە‌ن بە‌ یاسا و رێنماییەکانیان.

‏‎ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن ، کۆبوونەوەی هەفتانەی ئاسایی خۆی کرد، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا مه‌سرور بارزتنی ئاماژەی بە زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دا بە ئاستێکی مەترسیدار، کە هۆکارە سەرەکییەکەی پابەندنەبوونە بە ڕێکارەکانی خۆپاریزی و رێنمایی تەندروستی. 

سه‌رۆك وه‌زیران وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ڕێکارەکانی خۆپارێزیی و رێنمایی تەندروستی لە فەرمانگەکانی حکومەت و شوێنە گشتییەکان زیاتر لە بەرچاو بگرن و تووندتر بکەن، بە تایبەتیش کە پێشبینی دەکرێ بە هۆی هاتنی وەرزی زستان و سەرما، شەپۆلێکی دیکەی پەتای کۆرۆنا بڵاوببێتەوە.

‏‎لە‌ بڕگە‌ی یە‌كە‌می كۆبوونە‌وە‌كە‌دا، جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، راپۆرتێكی لە‌بارە‌ی (پڕۆگرامی خزمە‌ت) خستە‌ڕوو، كە‌ لە‌كابینە‌ی پێشووە‌وە‌ دە‌ست بە‌كارە‌كانی كراوە‌‌، ئاماژە‌ی بە‌وە‌شدا كە‌ ئامانجی ئە‌م پڕۆژە‌یە‌، بریتییە‌ لە‌ باشتركردنی ئاستی ئە‌و خزمە‌تانەی كە‌ دامەزراوە جیاجیاکانی حكومە‌ت، پێشكە‌شی ھاووڵاتیانی دە‌كات بە جۆرێکی ئاسانتر وخێراتر و پێداچوونەوە بەو ڕەسمانەی وەردەگیرێن لەبەرامبەر پێشکەشکردنی ئەو خزمەتانە، بۆ ئە‌وە‌ی گونجاوتر بێت و كە‌مكردنە‌وە‌ی رووتین لە‌ڕێکارەکانی ڕاییکردنی مامەڵە لە دامودە‌زگاكانی حكومە‌ت و گە‌یاندنی زۆرترین زانیاری بە‌ھاووڵاتییان سەبارەت بە خزمەتەکان و پێداویستییەکانی بەجێگەیاندنیان، كە‌ ئە‌مە‌ بە‌شێكە‌ لە‌خزمە‌تی بە‌دیجیتاڵكردنی كاروبارە‌كانی حكومە‌ت.

قوباد تاڵه‌بانی ھە‌روە‌ھا وتیشی: مە‌بە‌ستمانە‌ لە‌ڕێی ئە‌م بە‌رنامە‌یە‌وە‌، بە‌باشترین شێوە‌ خزمە‌تی ھاووڵاتییان بكە‌ین لە‌دامودە‌زگاكانمان تا ئە‌و ئاستە‌ی دە‌‌گاتە‌ خزمە‌تی( یە‌ك پە‌نجە‌رە‌یی)ش.

‏‎له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ھە‌روە‌ھا بڕیاردرا، ھە‌موو وە‌زارە‌ت و دامەزراوە‌كان، لە‌ژێر چاودێری سە‌رۆكایە‌تی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، پێداچوونە‌وە‌ بكە‌ن بە‌ یاسا ورێنماییەکانیان بۆ ئاسانترکردن وشەفافتر کردن و باشترکردنی کوالێتی پرۆسە و زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە خزمەتەکان و پێداچوونە‌وە‌ش بە‌رسوماتی ئە‌و خزمە‌تانە بكرێت‌.

جێگری سە‌رۆك وە‌زیران ئاماژە‌ی بە‌وە‌شدا كە‌ پۆڕتاڵێك ھە‌یە‌ بەناوی پۆڕتاڵی خزمەت‌‌ https://Services.gov.krd  لە‌ڕێی ئە‌م پۆڕتاڵەوە‌‌، ھاووڵاتییان دەتوانن زانیاری لە‌سە‌ر ئە‌و خزمە‌ت و ئە‌و مامە‌ڵە‌یە‌یان دە‌ستبكە‌وێت كە‌ مە‌بە‌ستیانە‌. ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران پاڵپشتی و پشتگیریی خۆی بۆ پە‌رە‌پێدان وجێبە‌جێكردنی ئە‌م پڕۆژە‌یە‌ نیشاندا و پێشنیارەکانیش پەسندکران.

ھەر لەم چوارچێوەیەدا، ئەنجومەنی وەزیران وەزیری بازرگانی وپیشەسازی ڕاسپارد لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری کۆمپانیاکان ئاسانکاریی بۆ تۆماری لقی براندە نێودەوڵەتیەکان لە ھەرێمی کوردستان بکەن بۆ ھاندانی کەرتی تایبەتی بیانی تا بەشداری لە بووژاندنەوەی بازاڕ و ئابووری ھەرێمی کوردستان بکەن، دوور لە ڕووتین و لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم تۆماری لقی کۆمپانیا باوەڕپێکراوە جیھانییەکان  لە ھەرێم.

لە بڕگەی دووەمدا، کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ڕاپۆرتێکی سەبارەت کێشە و گرفت و ئاستەنگەکانی کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2020 لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی وئابووری و سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ کاری پێویست ڕاسپارد لەوبارەیەوە.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی و سەرچاوەکانی ئاو، پێشنیارێکی خستەڕوو بۆ لێخۆشبوونی گومرگی بۆ هەندێک ماددەی سەرەتایی کە لە دەرەوەی ھەرێمەوە ھاوردە دەکرێن بۆ پڕۆژە کشتوکالییەکان کە لەناوخۆدا بەرهەم نایەت، و ھەروەھا لێخۆشبوونی هاوردەکردنی ئامێری کشتوکاڵیی پێشکەوتوو لە ڕەسمی گومرگی بۆ ئەو کۆمپانیا تایبەتمەندانەی کە ئامادەن ئەو ئامێرانە هاوردە بکەن و بە مەرجی ئاسان و بە شێوازی قیست بۆ جووتیارانی ڕاستەقینە دابین بکرێن.

دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران لە چوارچێوەی ھێڵە گشتیەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم، ڕەزامەندی دا لەسەر پێشنیارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو بۆ پشتگیریی جووتیاران و پڕۆژە کشتوکاڵیەکان، لەم پێناوەشدا هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و ناوخۆی ڕاسپارد بە ھەماھەنگیی لەگەل وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کاری پێویست ئەنجام بدەن، لە ھەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران، بە گرنگی زانی کە پشتیگریی پیشەسازی کشتوکاڵیی بکرێت و هانی کەرتی تایبەت بدرێت بۆ دامەزراندنی بەرھەمھێنانی ئەو پێداویستیانە لە ناو ھەرێم لە جیاتی هاوردەکردنیان، وەک بنەمایەک بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک.
ه.م