زانیاریه‌كى مه‌ترسیدار له‌باره‌ى كۆرۆناوه‌ ئاشكراده‌كرێت

تەندروستی

22/10/2020‌ 2781 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گه‌وره‌ ڕاوێژكارێكى زانستیى به‌ریتانى هۆشداریده‌دات له‌وه‌ى ئه‌و پێكوتانه‌ى بۆ له‌ناوبردنى كۆرنا دروستده‌كرێن ناتوانێت ڤایرۆسەکە لەناوبەرێت، ده‌شڵێت:"كۆرۆنا وه‌كو په‌تاى وه‌زریى لێدێت، بۆیه‌ بیرۆکەی لەناوبردنی ڤایرۆسەکە ڕاست نییە، لەبەرئەوەی بەدڵنیاییه‌وه‌ نەخۆشییەکە دەگەڕێتەوە".

پاتریک ڤالانسی گەورە ڕاوێژکاری زانستیی بەریتانیا لەمیانی لێدوانێک بۆ لیژنەی ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا لەلەندەن هۆشداریدا لەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ هاوشێوەی زۆرێک لەنەخۆشییە وەرزییەکانی وەکو ئەنفلۆنزای لێدێت، بۆیە ئەو ڤاکسینەی ئێستا کار لەسەر پەرەپێدانی دەکرێت ناتوانێت ڤایرۆسەکە لەناوبەرێت.

ئەو پسپۆڕە بەریتانییە ئاماژەی بەوەشکردوە، بیرۆکەی لەناوبردنی ڤایرۆسەکە ڕاست نییە، لەبەرئەوەی بەدڵنیاییه‌وه‌ نەخۆشییەکە دەگەڕێتەوە، "تاکە نەخۆشییەک بەهۆی ڤاکسینێکی زۆر کاراوە لەناو برابێت تەنها نەخۆشیی ئاوڵە بوە".

ڤالانس دەشڵێت:"پێموانییه‌ لەکۆتاییدا بگەینە ڤاکسینێک ڤایرۆسە لەناوبەرێت، واتە بەتەواوەتی نەخۆشییەکە ڕابگرێت، بەڵکو ئەگەری زۆر ئەوەیە کە نەخۆشییەکە دەگەڕێتەوەو هاوشێوەی نەخۆشییە وەرزییەکانی تری وەک ئەنفلۆنزای لێدێت".

ڕونیشیکردۆتەوە، "کوتان دژ بەنەخۆشییەکە تەنها ئەگەری توشبون بەڤایرۆسەکە کەمدەکاتەوەو ڕادەی توندی نەخۆشییەکە سوک دەکات".

به‌وته‌ى ڤالانس، "لەڕوی مێژوییەوە بەرهەمهێنانی ڤاکسین بەگشتیی ١٠ ساڵی دەوێت، هیچ ڤاکسینێکیش نەبوە لەمێژودا لەپێنج ساڵی کەمترى پێچوبێت، بەڵام ئێستا دۆخێکی جیاوازداین‌و لانیکەم هەشت پێکوتە لەجیهاندا لەقۆناغی لێکۆڵینەوەی کلینیکیدان، بۆیە لەماوەی چەند مانگی داهاتودا دەردەکەوێت کە ئایا هیچ پێکوتەیەک هەیە لەنەخۆشییەکە بمانپارێزێت".

لەکۆتاییدا وتویەتی:"لەو بڕوایەدا نیم کە لانیکەم تاوەکو بەهاری داهاتوو هیچ ڤاکسینێک لەسەر ئاستێکی فراوان بۆ کوتانی خەڵک بەردەستبێت".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی