بودجەى 2021ی نابێت
قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانى عێراق گەیشتە ٦١ ملیار دۆلار

عیراق

22/10/2020‌ 679 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەهۆی  كەمی داهات و قەیرانی دارایی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 ی نابێت و بۆ مووچەی سێ مانگی داهاتووی فەرمانبەرانیشی جارێكی دیكە قەرز دەكاتەوە، ئەندامێكی لیژنەی دارایش رایدەگەیەنێت، قەرزەكانی سەر عێراق تا دێت زیاتر دەبێت.

هەرچەندە لەماوەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 ی  رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانكرد، بەڵام دواتر بەهۆی كەموكورتی لەپرۆژە یاساكە لیژنەی دارایی رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی كردەوە و تاوەكو ئێستاش حكومەت پرۆژەكەی نەناردووەتەوە پەرلەمان.

جەمال كۆچەر سەرۆکى فراکسیۆنى یەكگرتوو ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێیوایە، پرۆژەكە دەقەكانی ڕێكەوتننامە نەوتییەكەی پێشووتری نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدای  لەخۆگرتبوو، كە لەبڕگەكانیدا ئەرك و مافی دوولایەنە و چارەسەری پێشنیازكراو بۆ بەلاداخستنی كێشەكان تێدا دەبێت ".

پەڕلەمانتارەكەی یەكگرتوو دەشڵێت، ئەگەر بێت و پرۆژەكە لەپەرلەمانەوە پەسند بكرێت لەپاڵ یەكلایی كردنەوەی پرسە داراییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ، كێشەی ئیدارەدانی دەروازە سوورییەكانیش چارەسەر دەكات.

بى وتەى ئەو پەرلەمانتارە كێشە نەوتییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا پێویستی بە دانانی یاسای نەوت و غاز و دەستپێكردنەوەی دانوستان لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم و یەكلاییكردنەوەی حساباتە داراییەكانی نێوان هەردوولا هەیە .

پرۆژە یاسایی بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی دارایی (2021 ) بە نزیکەی (150) ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و هەموو بودجەکە تەنها بۆ خەرجی بەگەڕ(النفقات التشغيلية) دەڕوات وهیچ بەشەبودجەیەک نامێنێتەوە بۆ وەبەرهێنان هەرچەندە لەناو بودجەکەشدا هەبێت.

خەمڵاندنی بودجەی ساڵی 2021ی عێراق لەسەرداهاتی فرۆشتنی نەوت دانراوە بەڕێژەی (95%) بەنرخی (45)دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک کە لەئێستادا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناو کەمبونەوەی چالاکی ئابوری لە جیهاندا نرخی نەوت جێگیر نی یە و لەهەڵکشان و داکشاندایە ئەمەش مەترسی لەسەر داهاتوی بودجەکە دروست دەکات و سەرەڕای ئەوەش هەرێم و ناوەند تائێستا ڕێکنەکەوتون.

لەسەرەتای ئەمساڵەوە دۆخی دارایی عێراق لەقۆناغێكی سەختدایە و سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی چەند جارێك هۆشدارییان داوە و دەڵێن، داهاتی نەوت بەشی مووچەی فەرمانبەران ناكات.

لەئێستدا بەپێی دواین ئامارەکان کە لەلایەن وەزیری دارایی عێراق و لیژنەى دارایی پەرلەمانەوە راگەیەنراوە قەرزە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی عێراق گەیشتۆتە 61  ملیار دۆلار و بۆ مووچەی ئەم سێ مانگەش جارێكی دیكە قەرز دەكاتەوە.

قەیرانی قەرزەکانی عێراق یەکێکی ترە لەئاستەنگەکان کە ساڵانە بەهۆی سوودەکانیەوە زیاتر کەڵەکە دەبێت و لەئێستادا بەغداد (120)ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی و ناوخۆیی لەسەر شانە.

 لەم بارودۆخە سەختەى ئابوری ودارایی عێراقدا حکومەت ناچار دەبێت کە قەرزی ناوخۆ و دەرەکی بکات بە بڕی(15)ترلیۆن دینار قەرزی ناوخۆ و بڕی(5)ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی بەپێ ی یاسای قەرزکردن بەمەبەستی پێدانی مووچەوخەرجیەکانی حکومەت.

لەئێستادا وا دەردەکەوێت دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان ئامادە نین قەرز بدەن بە عێراق بۆ پێدانی مووچە هەر بۆیە موستەفا کازمی ڕێکاری تری گرتوەتەبەر بەمەبەستی دەستکەوتنی داهاتی زیاتر لەوانە نەهێشتنی دیاردەی فرەمووچەیی و دەست بەسەرداگرتنی خاڵەسنوریەکان و بڕینی مووچەی وەهمی و بن دیوار و زیادکردن و یەکخستنی باجی گومرگی و کەمکردنەوەی هاوردە و زیادکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی.

بەشێک لە چاودێرانى سیاسى پێیانوایە کە لەسەردانەکەى ئەمجارەدا بۆ وڵاتانى ئەوروپا کازمى داواى قەرز لەو وڵاتانە کردوە، بەڵام ئەوان وێڕای پشتیوانیکردن لە کابینەى کازمى ئامادە نەبوون قەرزى پێ بدەن.

ئەگەری هەیە بەم ڕێکارانەی سەرۆک وەزیران تاڕادەیەک قورسایی کورتهێنانی بودجە لەسەر شانی دارایی حکومەت سووک بکات، بەڵام چارەسەر ناکرێن بەهۆى ئەم دۆخە داراییەی عێراق و نرخى نەوتی تێیکەوتووە.


دیاردەی کورتهێنان چەندین ساڵە بەرۆکی بودجەی گشتی عێراقی گرتوە و بووەتە مۆتەکە و بەربەست لەبەردەم پێشکەوتنی ئابوری عێراق لەبودجەی 2020دا نزیکەی (48) ترلێۆن دینار کورتهێنان خەمڵێنراوە و وا دەردەکەوێت لەبودجەی گشتی2021 دابڕی کورتهێنانەکە زیاتر هەڵدەکشێت بۆ زیاتر لە 50 ترلێۆن دینار.
عەلی سەففار پسپۆڕی ئابوری عێراقی باس لەوە دەکات كە قەرزە دەرەكی و ناوخۆییەكانی عێراق تا سەرەتای ساڵی 2020 گەیشتۆتە 61 ملیار دۆلاری و لەو ژمارەیە 25 ملیار دۆلاریان قەرزی دەرەكین و قەرەبووكردنەوەی جەنگی كەنداو و قەرز نێودەوڵەتییە كۆنەكان لەخۆدەگرێت.
سەففار روونیكردۆتەوە كە عێراق قەرزی حكوومیی ناوخۆییشی بە قەبارەی 40 تڕیلیۆن دینار لەسەرە كە دەكاتە نزیكەی 36 ملیار دۆلاری ئەمەریكی، بەوپێیەی تێكرای قەرزەكانی عێراق خۆی لە 61 ملیار دۆلار دەدات.
بەپێی لێدوانی ئەو پسپۆرە ئابوورییە لەماوەی ئەمساڵدا بەهۆی هەرەسهێنانی نرخی نەوت و درووستبوونی قەیرانی داراییەوە قەبارەی قەرزەكانی سەر عێراق زیادیان كردووە، بەڵام هێشتا بەتەواوەتی قەبارەی نازانرێت ، بەڵكو لەكۆتایی ساڵ و لەگەڵ هەژماری كۆتایی خەرجییەكان ئاشكرا دەبێت.
لەو بودجەیە حکومەتى عێراق ڕێژەی لە (12.67%) ی بودجەی عێراقی بۆ هەرێم داناوە بەمەرجی پێدانی  ڕۆژانە (250)هەزار بەرمیل و نیوەی داهاتی خاڵە سنورییەکان ڕادەستی ناوەند بکات.
لەلایەكی دیكەوە ئەندامێکی دیکەی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران ئاشكرایدەكات، بەهۆی ئەو دۆخە دارایی و كارە نایاساییانەی ئەنجومەنی وەزیران پێشتر ئەنجامیداوە پرۆژە یاسای بودجەی 2021 لەپەرلەمانەوە پەسەند نابێت و یاسای بودجە نابێت.

ئەحمەد حاجی رەشید بۆ شارپرێس وتى: ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەیەكی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران ناردووە كە بۆ مووچەی سێ مانگی داهاتوو عێراق 41 تریلۆن دیناری دیكە قەرز بكات.
ئاماژەى بەوەشکرد، کە سبەی بڕیارە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەو مەبەستە كۆبێتەوە و هەندێك لەپەرلەمانتارانیش پێیان وایە كە نابێت دەنگ بەو پرۆژەیە بدرێت و رەتبكرێتەوە.

هاوكات لەبارەی ئەوەی كە لەوبڕەپارەیە پشكی هەرێمی تێدا دەبێت ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی رونیكردەوە، دەكەوێتەوە سەر حكومەت كە ئایە بەبێ هیچ دەینرێت یاخود نا چونكە تائێستا هەرێم پابەندی رێككەوتنەكەیان نەبووە.