سەڵت یان هاوسەردارەکان، زیاتر بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا گیان لەدەست دەدەن؟

جیهان

23/10/2020‌ 1130 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێکۆڵینەوەیەکی نوێی سویدی ئاشکرای کردووە کە رادەی توندی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ لە چینێکەوە بۆ چینێکی تری کۆمەڵایەتی جیاوازە، بەشێوەیەک دۆخی کەسانی سەڵت جیاوازە لەوانەی هاوسەرگیریان کردووە.

لێکۆڵەرانی زانکۆی ستۆکهۆڵم دەڵێن چەند فاکتەرێکی وەک رەگەزی تووشبوو، تێکرای داهات ، ئاستی خوێندن، هاوسەرگیری و ئەو وڵاتەی لێی نیشتەجێیە کاریگەرییان هەیە لەسەر لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەسەر کەسەکە.

لەوبارەیەوە ستیڤ دیڤاڵ، یەکێک لە ئامادەکارانی لێکۆڵینەوەکە دەڵێت ئەو فاکتەرانە کاریگەرییان هەیە لەسەر ئەگەری گیان لەدەستدانی هەموو کەسێکی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا.

لێکۆڵینەوەکە پشتی بە داتاکانی ئەنجوومەنی نیشتیمانی سویدی بۆ تەندرووستیی و چاودێریی کۆمەڵایەتی بەستووە سەبارەت بە گیان لەدەستدانی ئەوانەی تەمەنیان لەسەروو ٢٠ ساڵییەوەیە، لەئەنجامدا دەرکەوتووە کە ئەوانەی لەدەرەوەی سوید لەدایک بوون ئەگەری گیان لەدەستدانیان بە ڤایرۆسەکە کەمتر بووە.

لەبەشێکی تردا باس لەوەکراوە کە ئەگەر کەسی تووشبوو داهاتێکی کەمی هەبێت و ئاستی خوێندنی مامناوەند بێت، ئەوە ئەگەری گیان لەدەستدانی بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ زیاترە، باس لەوە کراوە کە ئەو فاکتەرە لەکاتی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی تریش هەر راستە.

لێکۆڵینەوەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە پیاوان دوو ئەوەندەی ژنان ئەگەری گیان لەدەستدان بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێیان لەسەرە، بەشێوەیەک پێشتر ئەمە مشتومڕێکی زانستی لەنێوان زانایاندا درووست کردبوو، کە بەشێکیان پێیان وابوو هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ژنان  کەمتر جگەرە دەکێشن و لەزۆرینەی وڵاتانی جیهان هەندێک پیشەی دەستی و قورس دەکەن، بەشێکیشیان دەڵێن یان رەنگە بەهۆی ئەوەوە بێت کە ئافرەتان باشتر ئاگاداری تەندوروستیی خۆیانن.

لەکۆتاییدا لێکۆڵینەوەکە بەو ئەنجامە گەیشتووە کە کەسانی سەڵت؛ ژن بن یان پیاو، کە بێوەژن و بێوەپیاویش دەگرێتەوە، بەراورد بەوانەی هاوسەرگیریان کردووە دوو ئەوەندە زیاتر ئەگەری گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنایان هەیە.
ئامادەکردني : ئاکۆ ئاڵی